فراكسۆنی پارتی: ئەو هەڕەشە و ناسەقامگیریانە، بۆ بوونی هێزەکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە

خواكوڕك  

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هێرشی بەرەبەریانی سێشەممە 25ی 4ی 2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر چیای شنگال ڕایگەیاند، هەرجۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی کوردستان و ژیانی پێشمەرگە و هاونیشتیمانیانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین.

دەقی ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشیان کردە سەر چیای شنگال و بەو هۆیەوە، پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و نۆی تریش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی کە زیانی ماددی و وێرانکاریشی بەدواوە بوو.

‎ئێمە لە کاتێکدا نیگەرانیی خۆمان لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا ڕادەگەیەنین، هەرجۆرە هەڕەشەیەکیش بۆ سەر خاکی کوردستان و ژیانی پێشمەرگە و هاونیشتمانیانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین.

‎بەڵام نابێت ئەو ڕاستیەش نادیدە بگرین، کە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڕەشە و ناسەقامگیریانە، بۆ بوونی هێزەکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە لە ناوچەکەدا، بەردەوامیی مانەوەی ئەو هێزانەش دەبێتە هۆی بەردەوامیی ئەو هەڕەشە و ناسەقامگیریانە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هێزەکانی پەکەکە ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن، تا لە دوای کارەساتی شنگال، خەڵکەکەی بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، جارێکی تر دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.

‎د. محەمەد عەلی یاسین
‎گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

Back to top button