سەربەخۆیی کوردستان،لە خەونەوە بۆ واقیع

ئەردەڵان هەڵەبجەیی

دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی تازەیەو لەسەدەی بیستدا دامەزراوە,بەڵام ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە ناو سنورەکانیەوە مەڵبەندی گەلێک شارستانی لەمێژینەو کۆنە،لە ڕابردوودا و ئێستاشدا جۆراوجۆری سروشت و دانیشتوانەکەی یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەو دەوڵەتە,ئەمەیش لە لایەک ھێزی پێداوەو لە لایەکی دیکەیش لاوازی,ھێزی پێداوە لەو ڕوەوە کە سەرچاوەو داھاتی زۆر و ھەمەچەشنە لە ڕووی ئابوریەوەو لاوازیشی کردووە چونکە زیاتر لە نەتەوەیەکیی تێدا دەژی بە درێژایی مێژووەکەی نەتەوەی سەردار (عەرەب) نەتەوەکانی تری وەک (کورد و تورکمانی و ئاشوری و …) چەوساندۆتەوەو بگرە زۆرجار جینۆسایدیشی کردوون,عێراق ئەو دەمانەی مەڵبەندی شارستانیەت بوە بۆتە سودو قازانجی بۆ تەواوی جیھان ئەوکات ھەبووە,لێ کە بۆتە دەوڵەت پێشەوایانی زۆرجار شکستیان لە حوکمڕانی ھێناوەو بەمەیش بۆتە فاکتەری گرفت و شڵەژان و ئاشووب و جەنگی ناوخۆییی تێیدا ڕووی داوە,کە دەتوانین دوای یەک سەدە دەرک بکەین کە ئەو جەنگ و ئاشوبە ھەر ماوەو بگرە زیاتر وەدەر کەوتووە,بەتایبەت زۆرینەی جەنگەکان لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە گەلی کورد لە عێراقدا کە پێکھاتەیەکی سەرەکین مافەکانیان زەوت کراوەو ڕوبەڕوی کوشتن و قەڵاچۆکردنی بەردەوام بونەتەوە و لەبەرامبەر کوردەکان بەردەوام تا ئەمڕۆ لە شۆڕشدان بۆ وەدەست خستنی مافەکانیان.

کورد لە دوای ٢٠٠٣ هەنگاوی جدی ناو دەرفەتیشی بۆ ڕەخسا،سەردەمی سەددام ئەو کاتە کۆتایی ھات کە سال ٢٠٠٣ بەدیل گیراو دواتر لە ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٠٦ لە سێدارە درا,کوردەکان پێش کەوتنی رژێمی سەددام خاوەنی ھەرێمێکی نا ئارام لە ڕووی سیاسی و ئەمنی بوون,ئەو ھەرێمە وەک کیانێکی سیاسی لەلایەن دەوڵەتانەوە مامەڵەی لەگەڵ نەدەکراو تەنانەت سەرکردەکانی کورد سیفەتی سەرۆک ھۆزیان ھەبوو لە دەرەوە نەک کەسایەتی سیاسی,لەو ڕوەوە دەکرێت ھەریەک لە دەوڵەتانی تورکیاو ئێران بە نمونەی دیار وەربگرین کە ھەمیشە تاڵەبانی و بارزانیان وەک دوو سەرۆک ھۆز پێشوازی لێدەکرد نەک شتی تر,تەنانەت لە دوای ٢٠٠٣ بۆ ماوەی چەند ساڵێک درێژەیان بە ھەمان سیاسەتدا,بەڵام دواتر وردە وردە ناچار بوون کە سلوکی خۆیان بەرامبەر بە کورد بگۆڕن و کار گەیشتە ئەوەی لە سەردانەکانی بارزانیدا لە تەنیشت پەرچەمی ئەو وڵاتانەدا پەرچەمی کوردستان ھەڵبدەن,لە لایەکی تر مامەڵەی وڵاتانی عەرەبییش گەر خراپتر نەبوبێت لە مامەڵەی ئەو دوو وڵاتە ئەوا باشتر نەبووە,بەڵام پاش کەوتنی سەددام زۆرینەیان ھەر زو تێگەیشتن کە گرنگە پەیوەندیان لەگەڵ کورد باش و پتەو بێت ئەویش لەبەر زیاتر لە ھۆکارێک کە گرنگترینیان دەشێت بریتی بێت لە
١- ترس لە ھەیمەنەی شیعەی عێراق و سەرکوتکردنی سوننە
٢- رێگری کردن لە ھەیمەنەی ئێران لە سەرتاسەری عێراق
٣- بوونی وزە لە ناوچەکانی ژێر دەستی کورد وپێگەی ستراتیجی کوردستان
٤- مامەڵەی ئەوان لەگەڵ کورد وا دەکات کورد و سوننە بکەونە بەرەیەک و لەم ڕوەشەوە سوننەکان لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ پارێزراو دەبن
دەکرێت زۆر خاڵی تریش ھەبن کە مایەی گرنگی ئەو کرانەوەی دەوڵەتانی عەرەبی بن بەرامبەر کوردەکان,ھەرچۆنێک بێت کوردەکان دوای کەوتنی سەدام لە عێراقدا بۆچونەکان کەوا لێکدەدرایەوە ئەو ئەزمونەی کە لە ساڵی ١٩٩١ ھەیان بوو دەکەوێتە مەترسی پێچەوانەکەی راست دەرچوو,ئەمەیش ئەوەی نیشانی دەرەوەدا کە کوردەکان ئیدی لە گۆڕەپانەکە تەنھا کارتێکراو نین و دەتوانن کارتێکەر بن,ھۆکاری ئەوەش بۆ دوو فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە
١- ئیدارەدانی ناوچەکانی ژێردەستیان و پێشکەوتنی بەرچاو لە زۆر ڕوەوە لەچاو ناوچەکانی تری عێراق.
٢- پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو بەجێھێنانی ئیلتزامی ھاوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا.
لە لایەکی تر کوردەکان توانیان سود لە ھەڵەیەکی کوشندەی تورکیا وەربگرن بەوەی کە رێگەی نەدا بنکەی ئەنچەرلیک بۆ لێدانی رژێمەکەی سەددام بەکاربھێنرێت,ئەم خاڵە وای کورد پەیوەندیەکانی کورد و ئەمریکا ھەنگاوی گەورە ھەڵبێنێت و ئەم پەیوەندیەش تەنھا لە نێوان کوردانی عێراقەو جیاوازی زۆرە لەگەڵ پەیوەندی ئەمریکاو کوردانی وڵاتانی تری وەک ئێران و تورکیا و سوریا,چونکە ئەمریکا بۆ لێدانی عێراق لە بری بنکەی ئینچەرلیک کوردستانی عێراقی بەکارھێناو لەو ڕوەشەوە کوردەکان جگە لە پێشوازی لەو بڕیارە ھاوکات ڕۆڵی دیارو بەرچاویان بینی لە پرۆسەی ڕوخاندنی رژێمەکەی سەددام,دوای کەوتنی عێراق بە بڕیاری ١٤٨٣ ی ئەنجومەنی ئاسایش لە بەرواری ٢٢ی ئاداری ٢٠٠٣ ھێزە رزگارکەرەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای گۆڕی بۆ داگیرکار و لەوەشەوە ڕەوایی درا بە پێکھێنانی ئەنجومەنی کاتی حوکم و گەمارۆی ئابوری عێراقیش ھەڵگیرا,ئەم حکومەتە کاتیەی عێراق لە ١٥ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ دەستوری خستە دەنگدانەوە و کوردەکان لەو دەستورەدا توانیان کۆمەڵێک مەرج بسەپێنن کە دەرخەری گەورەیی و ھێزیان بوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣,بوونی مەسعود بارزانی بەسەرۆکی کوردستان لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ و بوونی تاڵەبانی بەسەرۆکی عێراق لە ٧ی نیسانی ٢٠٠٥ ھێندەی تر گرنگی و سەنگی کوردی دەرخست لە ئاستی ھەرێمی و نێونەتەوەییدا.
ئەوەی گرنگ بوو بۆ کوردەکان زامنی مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بوو,بریتی بوو لە چەسپاندنی فیدراڵیەت و مانەوەی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵی دان پێدانراو لە دەستوری عێراقدا,دواتریش جوڵەو گرنگی کوردەکان زیاتر وەدەرکەوت لە پەیوەندی گرتن لەگەڵ وڵاتانی گەورە لەکاتێکدا کە ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نەبوو,ئەکرێت نمونەی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا ئەو گرنگیە بخاتە ڕوو ئەو دەمەی تورکیا داوای لە بارزانی کرد لە سەردانەکەیدا ڕۆڵ بگێڕێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە لە نێوان پ ک ک و تورکیا,ھاوکات یەکەم کۆبونەوەی تورکیا و حکومەتی ھەرێم لە ١ ی ئایاری ٢٠٠٨ و بانگھێشت کردنی بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەفەرمی بۆ شانشینی سعودیە لە لایەن شا عەبدوڵای کوڕی عەبدولعەزیز لە ساڵی ٢٠٠٧ ,لە لایەکی دیکە مامەڵەی تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە نێوخۆیی و دەوڵەتانی دابەش بوو بەسەر بەرەی ئەمریکا و روسیا و دەرکەوتنەوەی رۆڵی عێراق لە ناوچەکە تێکڕا بوونە سەلمێنەری ئەوەی کوردەکان ئیدی کارتێکراو نین و دەتوانن کارتێکەریش بن لەسەر دوو ئاستی کوردستانی و عێراقی,ئەوەش لە مێژووی کوردا بێ وێنە بووە.
بە گشتی لە دوای کەونتی سەددامەوە دەتوانین بڵێن گەورەترین جوڵەی کورد لەسەرجەم ئاستەکانی وەدەرکەوت بە تایبەت لە پەیوەندی گرتن لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان,گەرچی سەرەتا ترسێک ھەبوو لای بارزانی و تاڵەبانی تایبەت بە شێوازی کاری ئەمریکا بۆ لێدانی عێراق و بەشداری کورد لەو جەنگە,ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە ئەو دوو سەرکردە دەیانزانی کە بەشداریکردنی کورد ڕەنگە کارەساتی تری بۆ نەتەوەی کورد بەدواوە بێت و رژێمی سەددام دەست ببات بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی یان بۆردومانکردنی پارێزگا کوردنشینەکانی وەک ھەولێرو سلێمانی و دھۆک,لەلایەکی تر مامەڵەی نا ئەخلاقیانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٤ بەرامبەر بە گەورەترین شۆڕشی کورد ھێشتا لە زاکیرەی بارزانی و تاڵەبانیدا بە تۆخی مابوەوە,سەرەتا تاڵەبانی تایبەت بە پرسی بەشداری کردنی کورد لە جەنگ دژی رژێمی سەددام لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ رۆژنامەی ئەلقودسی عەرەبی ئەوەی خستە ڕوو کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکیەکان تەنھا بۆ پرسی ئاشتبونەوەی پارتی و یەکێتی بووە و رەتی کردەوە کە بەشداری لە پلانی بێگانەدا بکەن تایبەت بە پرسی لێدان لە عێراق,بارزانیش تەئکیدی لەوە کردەوە لە دیداری رۆژنامەی شەرقوئەوسەت لە ھەمان ساڵدا کە رێ نادات ھەرێمی کوردستان دژی عێراق بۆ وەھا بابەتێک بەکاربھێنرێت,مەرجی ئەوەی بۆ ئەوە دانا کە پێویستە گرەنتی ھەبێت کە عێراقی پاش سەددام عێراقێکی دیموکراتی بێت و تێیدا فیدراڵیەت بۆ کورد فەراھەم بکرێت،
بەڵام دوای ڕوداوەکانی ١١ ی سێبتەمبەر گۆڕان لە بیری کورددا ڕوی دا و لە ١٥ ی شوباتی ٢٠٠٣ پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە جەنگ دژی رژێمی سەددام ئەم گۆڕانەش دواتر بووە ھۆی بەھێزکردنی پێگەی کورد و بەدیهاتنی زۆرینەی داواکاری کوردەکان لە دەستور،دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام لە عێراق.
بەڵام دوواتر حکومەتی ناوەند جارێکی تر کەوتە شکاندنی بەندەکانی دەستورو گوێ نەدان ببە مەرجی کوردەکان بۆ بەشداریکردن لە روخانی رژێمی سەددام،دیاترین داواکاریشیان بریتی بوو لە چەسپادنی فیدراڵیەت,فیدراڵیەتیش واتای یەکگرتنێکی ئارەزومەندانەی نێوان چەند دەوڵەتێکی بچوک یان چەند ھەرێمێک لەسەر بنەما و مەرج گەلێک کە پێکھاتەکان لەسەری رێک کەوتون,گەر لایەک پابەندی ھەریەک لەو مەرجانە نەبوو ئەوا مافی ھەریەک لەو پێکھاتانەیە کە لەو دەوڵەتە فیدراڵیە بکشێنەوە یان جاڕی سەربەخۆیی خۆی بدات,وێڕای چەسپاندنی ئەو خاڵە لە دەستوری عێراقدا کە گەلانی عێراق لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ دەنگیان بۆدا,بەڵام ڕونە کە ئەم خاڵەو زۆرێکیش لە داواکانی کورد تا ھەنوکە جێبەجێ نەکراون,ئەوەش ڕوونە کە عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراق گەر ئێستایش بۆی بلوێت دوور نیە ئەو جینۆسایدانەی پێشتر بەرامبەر کورد کراوە دووبارەی بکاتەوە,ماددەی ١١٧ ی دەستور کە دانی بە بونی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانیدا ناوە و مادەی ١٤٠ کە نەخشەی رێی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە کوردیەکانی ترەو مادەی ١٢ تایبەت بە ھێزەکانی پاراستنی سنور (پێشمەرگە) و مادەی ١١٢ ی تایبەت بە دابەشکردنی سامانی سروشتی بەشێوەی دادپەروەرانە بە تایبەت نەوت و غاز لەو مادانەن کە ویستێک لە مەرکەز ھەیەو نایەڵێت جێ بەجێ بکرێن و زۆرجار لەمپەریشیان بۆ دروست کراوە,ئەمە لە کاتێکدا کوردەکان ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕا لە ڕوخانی رژێمی سەددام و شان بەشانی ئەمریکیەکان تا کۆتایی جەنگەکە مانەوە,رۆڵی کورد تەنھا لەوەدا خۆی نەبینیەوە تەنانەت زۆرجار سەرکردەکانی کورد تاڵەبانی و بارزانی ڕۆڵی گەورەو دیاریان دی لە نزیککردنەوەی لایەنە عێراقیەکان و پێکھێنای حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان,دەکرێت رێکەوتنی مێژوویی ھەولێر لە ٨ی ٨ ی ٢٠١٠ لەسەر داوای بارزانی نمونەی دیاری ئەو ڕۆڵە بن کە بووە ھۆی دیاریکردنی ھەریەک لە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کاتێکدا ھەوڵە عەرەبی و بیانیەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە چەندین جار شکستیان خواردبوو لە پێشتر.
بەڵام دواتر لایەنە عێراقیەکان بەگشتی و دەسەڵاتی ناوەند نەک ھاوکاری کورد نەبوون بگرە پشتیان لێکردوو ھەموو سۆزەکانیان لەبیر کرد,تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دوای شکاندنی بەندەکانی دەستور ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێزیان لەکورد کرد ئەوە بوو ٢٠ی ١٠ی ٢٠١٢ ھێزەکانی دیجلەیان بەسەرۆکایەتی عەبدول ئەمیر زەیدیی پێکھێناو یەکلایەنە ویستیان کەرکوک بخەنەوە ژێر دەستی مەرکەز لەکاتێکدا کە پێشتر ئاماژە بەوە کرابوو ئەو ناوچانە دەبێت بە ھاوبەشی بەرێوە ببردرێن,بەڵام ناوەندو خودی سەرۆک وەزیرانی پێشوو نوری مالیکی لە رێی ئەم ھێزەوە ویستی تەواوی ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی خۆیدا بن و کورد ھیچ رۆڵێکی تێیدا نەبێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە وێڕای بوونی دەستورو ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی کورد ھێشتا عەقڵیەتی ناوەند لە عێراق دەیانەوێت پێگەو سەنگی کورد بچوک بکەنەوەو ھەر ئەم عەقڵیەتەش بووە بە درێژاییی سەدەی ڕابردوو ھۆکاری نائارامی و مەرگەسات بووە لە سەر ئەو خاکە بەزۆر لکێنراوەی کە ناو دەبرێت بە عێراق و هاوکات کوردەکان دەرکیان بەوە کرد سەربەخۆیی تاکە چارەسەرە.
ھۆکاری داواکردنی سەربەخۆیی لە لایەن کوردەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک
١- پاڵپشتیە یاساییەکان
ئەوەی لای ھەموو شارەزایەکی سیاسی یاسایی ڕونە کە بنەما قانونیەکانی دروست بوونی دەوڵەت بریتین لە (گەل,خاک و دەسەڵات),ئەوەیش لە ئێستا ھەرێمی کوردستاندا ھەیەو ڕونە کە وێڕای کەموکورتیەکانی بەلام لە دوای ساڵی ١٩٩١ ەوە کوردەکان خۆیان خۆیان بەرێوەدەبەن و بە زۆر پێوەریش ئەو ئەزمونەی کوردەکان کەوتۆتە پێش ئەزمونی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە,سەڕەڕای ئەوە دەکرێت مافی مێژوویی وەک یەکێک لە پاڵپشتیە یاساییەکان سەیر بکەین چونکە بە پێی زۆرێک لەو کتێبە یاساییانەی کە بیرمەندانی بواری یاسا خستویانەتە ڕوو مافی ھەر نەتەوەیەکە کە ئەگەر لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوودا بە ھۆی داگیرکاری و زوڵمەوە خرانە سەر ھەر دەوڵەتێک ئەوا دەتوانن لە پێی یاسا و پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم داوای سەربەخۆیی خۆیان بکەنەوە,وە لە زۆرێک لەو کتێبانەدا ئەم مافە بە مافی ھەرێمەکان (الحق فی الاقلیم) ناوبراوە.
ئەگەر چاوێکی بە مێژووی کوردیشدا بخشێنینەوە دەبینین کە کوردەکان بە بێ ڕەزامەندی خۆیان و بەخواستی وڵاتانی داگیرکار خراونەتە سەر دەوڵەتی عێراق,ئەوەیش دوای مۆرکردنی رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)ی نێوان ھەریەک لە وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنسا.
پاڵپشتێکی دیکەی یاسایی تایبەت بە داوای کوردەکان بۆ سەربەخۆیی دەکرێت بریتی بێت لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کوردەکان لەلایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە,گەر بڕوانین لەو تاوانانەی رژێمی عێراقی سەردەمی سەددام ئەوا تاوانی بە کۆمەڵ کوشتنی نزیکەی ١٨٢٠٠٠ ھاوڵاتی کوردی دەڤەری گەرمیان و ٨٠٠٠ ھاوڵاتی کوردی دەڤەری بارزان و دواتر بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لە ١٦/٣/١٩٨٨ لە ھەڵەبجەو شەھید کردنی نزیکەی ٥٠٠٠ مرۆڤی کورد کە زۆرینەیان مناڵو ژن بوون دەبینین کە حکومەتی عێراقی ویستویەتی بە یەکجاری کۆتایی بە بونی کورد بھێنێت ولەسەر خاکی خۆیان بیان سرێتەوە,ئەمە جگە لەوەی کە بەردەوام کاری کردووە لەسەر گۆرینی باری دیمۆگرافی ناوچە کوردیەکان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی,دوای کەوتنی رژێمی سەدام ھەموو ئەم تاوانانە لە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق وەک جینۆساید ناسران و زۆر وڵاتی ئەوروپیش لەناو پارلەمانەکانیاندا دانیان بەوەدا نا کە ئەو تاوانانەی دەرھەق بە کورد کراون جینۆسایدن.
جگە لەو خاڵانەش ھەریەک لە ھەڕەشەکردنی بەردەوام لەسەر کورد و بەکارھێنانی ھێز و شکاندنی بەندە دەستوریەکان لە عێراقی پاش سەددامیش دەچنە چوارچێوەی پاڵپشتە یاساییەکان بۆ ئەوەی کوردەکان داوای مافی سەربەخۆیی بکەن.٠
لە لایەکی تریش گەورەترین پاڵپشتی یاسایی دەکرێت بریتی بێت لە بنەمای مافی بریاردانی نەتەوەکان تایبەت بە چارەنوسی خۆیان وەک لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ھاتووە لە بڕگەی دووی ماددەی یەک و تێکستی ماددەی ٥٥ ی جاڕنامەکە ئەوە ڕون کراوەتەوە کە مافی گەلە ژێردەستو داگیرکراوەکانە بە پێی یاسا دیاریکراوەکان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن.
لە ئێستادا بارزانی وەک سەرکردەی گەورەترین هێزی کوردستانی و سەرۆکی هەرێم بە نەخشەسازی سەربەخۆیی ناودێر دەکرێت،
دیاری کردنی یەکێک لە سەرکردە کوردەکان بۆ ئەوەی لێدوانەکانی بخەینە بەرباس تایبەت بە پرسی سەربەخۆیی لە خۆوە نیە لەڕاستیدا,نا بەڵکو ئەوە بۆ کۆمەڵێک ھۆکار دەگەڕێتەوە لەوانە لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا پارتەکەی بارزانی براوەی یەکەم بووە,ھەروەھا بارزانی وەک یەکێک لە سەرکردەکانی کورد خاوەنی گوتارگەلێکی تایبەتە بە پرسی سەربەخۆیی و زۆرجاریش بۆتە مایەی ستایشکردنی لەسەر وتەکانی تایبەت بەسەربەخۆیی لە لایەن نەتەوەکەی،لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان,لە رێوڕەسمی کردنەوەی سێزدەیەمین کۆنگرەی پارتەکەی نەک سەرکردە عێراقیەکان بگرە زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتانی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک داوای مافی چارەی خۆنوسینی کرد,گەر پێشتر زۆرجار سەرکردەکانی کورد بە گشتی و بارزانی بە تایبەت قسەیان لەم ڕوەوە کردووە بەڵام ئەمجار جیاوازی زۆرو کاریگەری زیاتر بوو,چونکە ئازایەتی ئەم ھەنگاوە لە ئامادەبوونی کۆمەڵێک میوان دەرکەوت,کە ڕاستەوخۆ بەرژەوەەندیەکانیان دەکەوتە ژێر کاریگەری ئەو داوایەوە,لەوانە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئەوکات نوری مالیکی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئوسامە نوجەیفی ونوێنەری دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و شاندە کوردیەکانی تری پارچەکانی کوردستان,ڕاگەیاندنەکەی بارزانی ھیچ کاردانەوەیەکی بەدوادا نەھات.
بەم جۆرە کوردەکان لەگەڵ پێشاندانی خەمساردانە بۆ عێراق و دەوڵەتە فرە پێکھاتەکەی بەردەوام بوون لە گەشەپێدانی شوناسێکی نەتەوەیی جیاواز,کە بەند بوو بە دامودەزگا سەربەخۆکانی دەوڵەت,ئەمە وای کرد تاڵەبانی بارزانی کار لەنێوان خۆیان دابەش بکەن,بەپێی وتەی چاودێرێک لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ یەکێتی ناچار بوو سیاسەتێکی عێراقیانەو پارتیش بە شێوازێکی ناسیونالیستییانەی کوردی بڕوات,وێڕای ئەوەی دەستوری عێراق قسەی لەبارەی رێکخستنێکی فیدراڵی لە نێوان حکومەتی ھەرێمی و حکومەتی عێراقدا کردووە,کەچی لە ڕووی کرداریەوە پێکھاتەیەکی نیمچە دەوڵەتی لە دوای ٢٠٠٣ لە کوردستانی عێراق گەشەی کردووە ھەموو سیاسیەکانیش لە ناوەەوەو دەرەوەی عێراق لەوە بەئاگان,تەنانەت مامەڵەی بارزانی لەگەڵ ناوەند وەک مامەڵەی نێوان دووو دەوڵەت دەخوێنرێتەوە,جگە لەوەش ئەو شاندانەی دەرەوە لە ئاستی سیاسی و ئابوری کە سەردانی عێراق دەکەن گەر پێشتر نەچنە ھەولێیر ئەوا بەدڵنیاییەوە دواتر دەبێت چاویان بە بارزانی بکەوێت,ھەرئەمەشە وای لە سەرکردە عێراقیەکان کردووە ورد لە ھەنگاوەکانی بارزانی بڕوانن و بەترسیشەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
لە نیوەی ٢٠٠٦ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەنگاوێکی گرنگدا توانی دوو ئیدارەی ھەولێر-سلێمانی یەک بخاتەوە,دواتر توانی لە ڕوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ھەنگاوی گەورەتر بنێت,ئەمانە ھەمووی ھەنگاوەکانی تایبەتی بە دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ خێراتر کرد,ئیتر لەو دەمە بەدوا ئاڵای زەردو سەوزی سەر باڵەخانە حکومیەکان لابران و ئاڵای کوردستان شوێنی گرتنەوە,سەرەڕای ئەوە بارزانی پێداگری کرد لەسەر ھەڵنەدانی ئاڵای عێراقی سەردەمی سەددام و دەسەڵاتدارانی بەغدای ناچار کرد ئاڵایەکی نوێ بۆ عێراق دیاری بکەن کە کورد پێی رازی ببێت,لە لایەکی ترەوە ئەوەی مایەی سەرنجە جیاکردنەوەی سات و شێوازی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بوو لە عێراق,بۆ نمونە لە تەموزی ساڵی ٢٠٠٩ لە ھەرێم ھەڵبژاردن ئەنجام درا بەڵام لە عێراق لە ئاداری ٢٠٠٩ ئەنجام درا,وێڕای ئەوە کوردەکان لە ھەوڵی نوسینەوەی دەستورێکی تایبەت بە خۆیان بوون بەڵام ناکۆکی نێوانیان رێگری کرد ئەو ناکۆکیەش گەورەترین خزمەت بوو بە ناوەند چونکە ناوەند نەیدەتوانی کوردەکان لەو ڕوەوە رابگرێت.
وێڕای ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا بارزانی تایبەت بەو پرسە تەنانەت لەگەڵ ئەمریکیەکانیش تایبەت بە سەربەخۆیی کوردستان قسەی خۆی کردووە دوور لە چاوی میدیاکانیش کاردەکات بۆ ھێنانەدی ئەو خەونەی کە سەدان ساڵە کورد لێی بێ بەشە,ئەوەیش دوای کۆتا سەردانی بارزانی شاندێک لە حکومەتی ھەرێم بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا,لەزاری وەزیری ئاوەندانکردنەوە ئەوە لە میدیاکان بڵاو بوەوە کە بارزانی ئەو پرسەی وروژاندووەو جێگری سەرۆک ئۆباماش بە بارزانی ڕاگەیاندووە کە پێکەوە لە ئایندەیەکی نزیک دەوڵەتی کوردی دەبینن.

Back to top button