بۆ گۆڕان یوسف محەمەد لەدەوڵەتی كوردستان گەورەترە

خواكوڕك 

لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بۆ دروست لێژنەی باڵای ریفراندۆم، گۆڕان داوای كردووە بۆ بەشداری كردن لە پرسی ریفراندۆم و یوسف محەمەد بگەرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە گۆڕان نوێنەری نەنێرێت بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان، بەشداری لەو پرسانە ناكات، سەرچاوەیەكیش لەگۆڕان دەلێت راگەیاندنی سەربەخۆی و ریفراندۆم لەكوردستاندا، بۆ ئێمە هیچ نرخێكی نیە تا پەرلەمان كارا نەكرێتەوەو بەرێز د. یوسف محەمەد نەگەرێتەوە بۆ پەرلەمان كە لەلایان پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەكی خراوە”.

ساماڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆی دەلێت “ئێمە بەدڵنیاییەوە نوێنەری خۆمان بۆ ئەو لیژنەیە نانێرین، چونكە ئەم پرۆسەیە بابەتێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، ئیشی پەرلەمانە بڕیاری لێبدات، پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندبوو، ئەولەویەتی ئەوان لەمساڵدا ئەنجامدانی ریفراندۆمە، بەڵام لەئێستادا یەكێتی لەزاری ئەندام و سەركردەكانی دا رایدەگەێنێت، كە یەكێتی پاشگەز بۆتەوە لە ریفراندۆم و داوای كارا كردنەوەی پەرلەمان دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە، هیچ جۆڕە میكانیزمێك بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان نەخراوەتە روو، تەنها هەموو پرسەكە بە یوسف محمەدەوە بەستراوەتەوە”.

هێمن هەورامی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە دەلێت”ریزدار کاک مەسرور بارزانی لە دوایین لیدوانی بۆ باسنیوز بە وردی تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە پارتی لە هەر لایەنیک زیاتر مکورترە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بکات و پارتی لە ھەموو لایەنێک بەپەرۆشترە بۆ ئەم پرسە. هەروەها هەورامی دەشلێت ئەنیشتاین لە وتەیەکیدا دەلیت ، کێشەیەک بەرهەمی سیستەمیکی عەقلی بیت بە هەمان سیسەتمی عە‌قلی ناتوانریت، کێشەکە چارەسەر بکریت. دوایین خولی پەرلەمان لە ئەنجامی ریکەوتنی ١٧ ی ٤ی ٢٠١٤ نیوان ئیمە وگۆران دروست بوو. ریککەوتنەکە لە سەر بنەمای تەوافوق و هاوبەشی و دابەشکردنی پۆستەکان بوو. دیاریش بوو لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆران و بەخشینی پۆستی جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، پارتی مکوربوو لەسەر ئەوەی گۆران هاوبەشی بیت. پیشیل کردنی تەوافوق بە کۆبوونەوەکەی ٢٣ی حوزەیران و سوربوون لەسەر کۆبوونەوەی ١٩ ی ئابی ٢٠١٥ و ئەو دۆخەی کە لێی کەوتەوە بەرهەمی نەهیشتنی بنەماکانی ریککەوتنی ١٧ ی ٤ی ٢٠١٤ ی نیوان ئیمە و گۆران بوو.

هەروەها هەورامیش دەلێت: پەرلەمان کاتیک کارایە بتوانیت یاسا دەربکات، یاسا هەموار بکات، متمانە بە کابینە بدات، دەنگ لەسەر بودجە بدات. پرسیاری جددی ئەوەیە ئایا بە هەر بەریزیکی گۆڕان، پەرلەمان دەتوانیت دەست بەو چوار ئەرکەی خۆی بکات و یاساکان بۆ سەرۆکی هەریمی کوردستان بنیریت تا ئیمزای بکات و کاریان پێ بکریت؟

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە بۆ گۆڕان یوسف محەمەد لەهەموو كورد گەورەترە، هیچ میكانیزمێكی نوێیان پێ نیە بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان و گۆڕان دەیەوێت پرۆژەی 23ی حوزەیران بەردەوام بكات، بۆیە هەموو پرسەكان بە كارا كردنەوە یان جوانترە بلێین بەگەرانەوەی یوسف محەمەد ببەستێتەوە”.

Back to top button