سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەسەر رووداوەكەی بەغدا هاتە سەر خەت
خواكوڕك
لە راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەستی خواكوڕك كەوتووە لەبارەی روودانی سووتان و گیان لەستدانی 24 منداڵی ساوا لە نەخۆشخانەی یەرمووك لە بەغدا، رایگەیاندووە “ئومێدی ئەوە دەخوازین چیدیكە كارەساتی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و ژیانی منداڵان لە هەر شوێنێك بن، پارێزراو بێت”.
دەقی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان:
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی لە كەسوكاری منداڵەسووتاوەكانی نەخۆشخانەی یەرموكی بەغدا دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 10ـی 8ـی 2016 لە ئەنجامی رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە بەشی ژنانی نەخۆشخانەی یەرموكی شاری بەغدا ژمارەیەكی زۆری منداڵی ساوا سووتان و گیانیان لەدەست دا. گیانلەدەستدانی منداڵانی ساوا بەمشێوەیە ڕووداوێكی زۆر دڵتەزێن و خەمناكە. لێرەدا سەرەخۆشی خۆمان بۆ كەسوكاری منداڵانە گیانلەدەستداوەكانی نەخۆشخانەی یەرموكی شاری بەغدا ڕادەگەیێنین و هاوبەشی خەمیانین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئومێدی ئەوە دەخوازین چیتر كارەساتی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە و ژیانی منداڵان لە هەر شوێنێك بن پارێزراو بێت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
10ـی 8ـی 2016