پەكەكە لەسەر چی لەگەڵ كورد شەڕیەتی !
ئاریان فەرەج
ئەوانەی لە رقی پارتی و بێ ئەوەی هیچ لە سیاسەتی پەكەكە بزانن، پشتگیری دەكەن و هەر ناتەباییەك لەگەڵ پەكەكە بە پشتیوانی توركیا و ئۆردۆگان تێدەگەن، زۆر جار دژایەتی پەكەكە بۆ ئاڵای كوردستان بەوە پاساو دەدەنەوە كە گوایە ئەو ئاڵایە هی باشورە و ناكرێ بەسەر هەموو كوردستاندا بسەپێنرێ و گوایە پەكەكە دەیەوێت لە كۆنگرەیەكی نەتەوەییدا ئاڵایەك بۆ سەرتاسەری كوردستان پەسەند بكرێ!!
با لەوە گەڕێین كە ئەو ئاڵایە، بە تەنیا هی باشور نییە و ئاڵای یەكەم كۆماری كوردستانە و لە رۆژهەڵاتەوە گەیشتە باشور و سەروەختێكیش ئاڵای پەسەندی خودی پەكەكەش بوو بەرلەوەی لە كوردایەتی هەڵگەڕێتەوە و فەرماندەكانی قەندیل( جەمیل بایەك و دۆران كالكان و مستەفا قەرەسۆ) دەست بەسەر بڕیاری پەكەكەدا بگرن و ئیرادە و بڕیاری ئۆچەلان ژێر پێ بنێن و پەكەكە بگەیەننە جێیەك كە لە ئیران نزیكتر بێت وەك لە ئۆچەلان.
مستەفا قەرەسۆ، فەرماندەی قەندیل نشینی پەكەكە، لە دوایین لێدوانیدا و لە رێی شەرحكردنی هەڵوێستیان لە ئاڵای كوردستان، زۆر بە روونی هۆكاری ناكۆكی حزبەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی رزگاریی نیشتمانیی كوردستان روندەكاتەوە.
قەرەسۆ ناڵی ئەو ئاڵایەمان قبوڵ نییە چونكە تەنها هی باشورە. ناشڵێ دەبێ ئاڵایەك پەسەند بكرێ كە تەعبیر لە هەر چوار پارچەی كوردستان بكات. ئەو دەڵێ ئێمە دژی ئاڵای كوردستانین و خەبات دەكەین بۆ ئەوەی لە جێی ئاڵای كوردستان، ئاڵای (دیموكراتیكی گەلان) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرز و شەكاوە بێت!!. ئەو ئاڵایەی باسی دەكات هیچ نییە جگە لە ئاڵای سەردەستیی تورك و فارس و عەرەبی خاوەن دەوڵەت و كوردی پاشكۆ و بێ دەوڵەت. ئەو قسەیەش هیچ مانایەك نادات جگە لە وەك خۆ هێشتنەوەی ئەو دەوڵەتانە و پاراستنی یەكپارچەییان و بڵند هێشتنەوەی ئاڵاكانیان و دژایەتی دروستبونی دەوڵەتی نەتەوەی چوارەم كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.
شەڕی پەكەكە لە دژی كورد لەسەر سەربەخۆیی كوردستانە. خاڵی ستراتیجی هاوبەشی لەگەڵ كۆی داگیركەرانی كوردستانییش هەر ئەم هاوهەڵوێستیەیە. هەموو هەلسوكەوتە سیاسی و سەربازییەكانی پەكەكە تەرجەمەی ئەو هەڵوێستەن. هەر ئەو هەڵوێستەشە پەكەكەی لای تەواوی داگیركەرانی كوردستان شیرین كردووە و ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە و شەڕی بەوەكالەتیان لە دژی كورد و كوردایەتی پێ سپاردووە.
ئۆچەلان پێش چەند ساڵێك زۆر تەشجیعی ئەنكەرەی كرد لەگەڵ پەكەكە بكەوێتە گفتوگۆ و نەرمی زیاتر بنوێنێ بەرلەوەی حزبەكە بكەوێتە ژێر هەژمون و ركێفی دەوڵەتانی ئیقلیمی و كۆنترۆل لەدەست بدات و بكەوێتە خزمەتی ئەجیندای ئیقلیمی. ئەنقەرە بۆ بەرخور لەگەڵ ئەو پەیامە كە هاوكات پەیام و ئامۆژگاری سەركردایەتی باشوریش بوو. وەك پێویست دەستوبردی نەكرد و خەمسارد و كەمتەرخەم بوو. ئۆچەلان سەرەتای ساڵی 2015 داوای كرد پەكەكە كۆنگرەیەكی چارەنوسساز ببەستێ و بە یەكجاری چەك فڕی بدات و رووبكاتە چارەسەریی دیموكراتی و ئاشتییانە. فەرماندەكانی قەندیل نەك هەر وایان نەكرد، شەڕیان لە باكور هەڵگیرساندەوە و لە گوندەكانەوە بۆ نێو شارەكانیان گواستەوە. ئیدی دەركەوت كات تێپەڕیوە و قەندیل بە یەكجاری كەوتۆتە ژێر هەژمونی ئیقلیمی و چیتر كۆنترۆل لە دەستی ئۆچەلانیشدا نەماوە. پەكەكە ئیدی هیچ نییە جگە لە چەكێكی ئیقلیمی بەكارهێنراو لە دژی چارەسەریی دیموكراتیی باكور و سەربەخۆیی باشور.
حاڵی حازر پەكەكە بۆ ئەو مەبەستە لە شنگالە، بۆ ئەو مەبەستە لە سلێمانی و دەورو بەری فكری كانتۆنچێتی بلاودەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژئاوایە، بۆ ئەو مەبەستە سنورەكانی ئیران دەپارێزێ و نایەڵێ تەقەی تێكەوێت. بۆ ئەو مەبەستە سەنگەری لە پێشمەرگە گرتووە و ئیستفزازی دەكات.
پەكەكە تفەنگێكە بە جلی كوردییەوە بۆ دیفاع لە یەكپارچەیی توركیا و ئیران و عێراق و سوریە. تەرجەمەی عروبە و توركایەتی و فارسایەتییە بە كوردی. وەك مستەفا قەرەسۆ دەڵێ: ئەرك و ئامانجمان رەتكردنەوەی ئاڵای كوردستان و رێگری لە دەوڵەتی نەتەوەیی كورد و بڵند هێشتنەوەی ئاڵای دیموكراتیكی گەلانە لە ناوچەكەدا.