كێ دەستی هەیە لە پەرتەوازە كردنی ناو ماڵی سوونە لەعێراق

خواكوڕك

 

ماوەیەكە لێدوانی دژە به‌یەكەكانی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری بەرگری عێراق، چەندان كەسایەتی تری ناو پێكهاتە سوونە بۆتە جێگای سەرسورمانی و گۆمان لەدەستی دەرەكی دەكرێت لەوكاتەدا ناو ماڵی سوونە بەو شێوەیە پەرتەوازە ببێت. لەو بارەیەوە چاودێرێكی سیاسی پێی وایە لەسەرووبەندی نزیك بوونەوەی رزگاری كردنی مووسڵ، لەلایان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی حشدی وەتەنی و ئەمریكا و هاوپەیمانان، ئەو لێدوان و ناكۆكیانە گۆمانی زۆری خستۆتە سەر ناو ماڵی سوونە و دەلێت: ئەگەر هەیە ئێران لەو رێگایەوە هەوڵی دره‌نگكه‌وتنی رزگاركردنی مووسڵ بدات.

نیاز حاجی شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەیەوە پێیوایه‌، ئێران پێی باشترە مووسڵ لەدەست داعش بمێنێتەوە نەك سوونە و دەلێت: جێگیربونی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی گەیارە، گرفت بۆ بەشداری کردنی حەشدی شەعبی لە شەری ئازادکردنی موصڵ دروست دەکات. ئایا پەکەکە یەکێک لە کارتەکانی تری ئێران نیە تا بۆشایی حەشدی شەعبی پێ پڕ بکاتەوە؟. حاجى دەشلێت، ئەمریکا پەلەیەتی بۆ دەست پێ کردنی پرۆسەی ئازاد کردنی موسڵ کە ناکرێت لە مانگی ۱٠ زیاتر دوای بخات .

هەروەها حاجی پێیوایە کێشەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق و دروست بوونی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیری بەرگری، پلانێکی تری ئێرانە بۆ رێگری کردن و دواخستنی شەڕی ئازادکردنی موسڵ. چونکە ئەگەر ناکۆکی لە ناو سونەکان هەبێت و تەگەرە بۆ وەزیری بەرگری دروست بکرێ، ئەوا کار لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ دەکات .

ناوبراو ئەوەش دەڵێت، پلانێکی تری مەترسیدار لە دژی سونەکان بەسەرپەرشتی ئێران پیادەدەکرێت، کە ئێستا عەشیرەتی جبوری پشتی سەلیم جبوری دەگرێت. ( تکریت و دیاله‌ و باشوری موسڵ ) و عوبێدیەکانیش، پشتی خالد ئه‌لعبێدی وەزیری بەرگری دەگرن. ( موسڵ ) و عەشیرەتی کەربولیەکانیش، پشتی محمد کەربولی دەگرن. ( رومادی ) ، لە ئایندە هۆز و تیرە عەرەبەکانی تریش دێنە ناو ئەو ململانێیەوە. ئەوە سەرەتایەکی ترە بۆ دابەشبوونی زیاتری سونەکان لەسەر بنەمای تیرە و عەشیرەتەکان .

نياز حاجى باس لەوەش دەكات چوار مانگ لەمەوبەر کاتێک عەبادی ویستی دەستکاری کابینە وەزاریەکەی بکات، ئەمریکا لە زەرفێکدا ناوەکانی کابینە وەزاریەکەی پێشکەش بە عەبادی کرد. کە وەزیری بەرگری و ناوخۆ تێدا بەدەرکرابوون لە گۆڕانکاریان. ئێران بە قورساییەوە هاتە ناو بابەتەکە و شکستی بە بەرنامەکەی ئەمریکا و عەبادی هێنا لە گۆرانکاریەکان. دواتر هەر ئێران زۆر بەوردی کاری کرد بۆ گۆرینی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری، بێ دەستکاری کردنی کابینەکەی عەبادی، دژی بەرنامەکەی ئەمریکا . ئەوە بوو وەزیری ناوخۆ لە ژێر گوشاری تەقینەوە خوێناویەکەی کەرادە دەستی لە کارکێشایەوە. هەمان بەرنامە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە خالد عوبێدی لە پەرلەمانیش دەستی پێ کرد و ئێستاش بەردەوامە. هەروەها نیاز حاجی دەشلێت، ئێران لە کەسایەتی و کاریگەری وەزیری بەرگری خالد عوبێدی ترسی هەیە، بە نزیک و گوێڕایەڵی ئەمریکیەکانی دەزانێ. دوای ئەوەی توانی رومادی و فەلوجە رزگار بکات، ئێران ترسی لەوە هەیە ناوبراو بتوانێ موصڵیش ئازاد بکات. ره‌نگه‌ به‌م سەرکەوتنانە خالد عوبێدی ببێته‌ کەسی یەکەمی ناو گۆڕەپانی سوننەکان. ئه‌م یه‌ركه‌وتنانه‌ش ئەگەری هەیە کۆنە ئەفسەرانی سوپای عێراق جارێکی تر لە سوپایەکی نوێی سونەکان کۆبکاتەوە. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی کودەتای سوننەکان بەسەر حکومەتی عێراق بەهێزتر دەکات. بۆیە بە هەر شێوەیەک بێ ئێران هەوڵی دورخستنەوە و کۆتایی پێهێنانی خالد عوبێدی لە ئەولەویاتی کارەکانیدایە .

نياز حاجى ئەوەشی گووت، ئازاد کردنی موسڵ بۆ هەموو لایەک گرنگە. وەک کورد جگە لە دورخستنەوەی داعش لە سنورەکانی هەرێم، شێوازی ئیدارەدان و ئایندەی شارەکە لە دوای داعش لایەنێکی تری گرنگ و ژیاریە بۆ کورد. هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ تورکیا وسعودیەش، بەهەمان شێوە ئازادکردنی موسل گرنگیەکی ستراتیژی و مێژویی هەیە و زۆر پلانی ئایندەیان لەسەر بنیادناوە. سەبارەت بە ئێران گرنگی ئەو شارە لە گرنگی بەغدا کەمتر نیە. هەر بۆیە موصڵ بوەتە خاڵی یەکتربڕی سەرجەم ئاراستە دژبەیەکەکانی ولاتانی ناوچەکە و وڵاتانی تری زلهێزیش . ئەوەی دەست بەسەر موصڵدا بگرێت دەتوانیت ئاراستەی رووداوەکان لە بەرژەوەندی خۆی لە ئایندەدا یەکلایی بکاتەوە. لە سوریاش، شاری حەلەب هەمان ڕۆڵی موصل دەگێڕێت. ئەم دوو شارە ( واتا موصل و حەلەب ) بونەتە چەقی ململانێ  و خاڵی یەکتربڕی بەرژەوەندی تەواوی هێز و وڵاتانی ناوچەکە.

حەلەب لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیک لە تورکیا و سعودیە دایە، و موسلیش لە ژێر دەستی داعش. مانگی ۱٠ چارەنوس و ئایندەی ئەم دوو شارە رونتر دەردەکەون. ئێران و ئەسەد و حزب اللە گەمارۆی حەلەبیان داوە، هێزەکانی پێشمەرگە و سوننەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا خەریکی گەمارۆدان و دەست پێ کردنی شەری موسلن. ئێران نیگەرانە بە ئازاد کردنی موسڵ، تورکیا و سعودیەش نیگەرانن بە گەمارۆدانی حەلەب .

گوتیشی بە هۆی هەڵبژاردنەکانی سه‌رۆكایه‌تی ئەمریکاوە، هەست بەوە دەکرێت ئەمریکا بەترسەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان دەکات، و ئەو ترس و دوودڵیەی ئەمریکا هۆکارە تا ئێران و ئەسەد زیاتر ئەسپی خۆیان تاو بدەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر لەسەر زەوی بەدەست بێنن و واقعی نوێ بسەپێنن. ئەوکات ئێران و سوریا بەمەرجی نوێ و واقعی نوێ، مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی داهاتوی کۆشکی سپی دا دەکەن. دەشلێت هەمولایەنەکان خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی ئامادەکردوە، ململانێکان توندتر و چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاترهەنگاو دەنێت. بۆ ئێمەی کورد، دەبێ ئامادەیی تەواومان بۆ قۆناغی ئایندە هەبێت .

Back to top button