گۆڕان و يه‌كێتى: ره‌خنه‌ له‌ سياسه‌تى خۆسه‌پاندنى په‌كه‌كه‌ ده‌گرن و داواى ده‌رچوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن

خواكوڕك

فراكسيۆنه‌كانى يه‌كێتى و گۆڕان، هاوڕا له‌گه‌ڵ فراكسيۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دهۆك له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا ئيدانه‌ى هێرشه‌كه‌ى توركيا بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و راشيده‌گه‌يه‌نن، ئه‌و هێرشه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌بوونى ناته‌ندرووستانه‌ و سياسه‌تى خۆسه‌پاندنى په‌كه‌كه‌ روويداوه‌.

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و هێرشه‌ جێى قبووڵكردن نييه‌ و به‌ توندى ئيدانه‌ى ده‌كه‌ين و هاوكات داواده‌كه‌ين ئه‌و هێزانه‌ى به‌ ناياسايى له‌ هه‌رێمى كوردستاندان به‌ زووترين كات هه‌رێمى كوردستان به‌جێبهێڵن.

هه‌ڵوێستى فراكسيۆنه‌كانى يه‌كێتى و گۆڕان له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دهۆك جياوازه‌ له‌و گوتاره‌ سياسييه‌ى حزبه‌كانيان له‌ سلێمانى له‌ باره‌ى بۆردومانه‌كه‌ى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر شنگال بڵاويده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: داواش ده‌كه‌ين هه‌ريه‌ك له‌ سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت داوا له‌ توركيا بكه‌ن هێرشه‌كانى رابگرێت و خه‌ڵكى زيانلێكه‌وتووى ئه‌و هێرشانه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

ئه‌و به‌ياننامه‌يه‌ هه‌ريه‌ك له‌ فراكسيۆنه‌كانى: پارتى ديموكراتى كوردستان، يه‌كگرتووى ئيسلامى، يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ليستى رافيده‌ين، پێكهاته‌ى ئه‌رمه‌ن و جڤاكى كلدانى سريانى ئاشوورى واژوويان له‌سه‌ر كردووه‌.

Back to top button