حكومەتی عێراق هاتنی فڕۆكەی كارگۆ بۆ هەولێر و سلێمانی قەدەخە دەكات

خواكوڕك
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق رێگری لە پێدانی راستەوخۆی چەك بە هەرێمی كوردستان كرد, چەندین جار كێشەی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی دروستكردووە, ئێستاش حكومەتی عێراق بەبڕیارێك هاتنی فڕۆكەی (كارگۆ) یاخود بارهەڵگرەكان، بە شێوەیەكی راستەوخۆ بۆ هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی قەدەخەكرد.

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە رووداوی راگەیاندووە “وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بڕیاریداوە، هیچ فڕۆكەیەكی كارگۆ لە هیچ فڕۆكەخانەیەكی عێراق نەنیشێتەوە، بە هەولێر و سلێمانیشەوە، جگە لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، دەبێت پێشتر لەو فرۆكەخانەی بەغدا پشكنین بۆ بارەكانی فڕۆكە كارگۆیەكان بكرێت و دواتر بچێتە ئەو فڕۆكەخانەی كە ئامانجیانە بۆی بچن.”

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی “تاوەكو ئێستا هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە دیارنییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت بڕیارەكە سیاسی بێت، لەبەرئەوەی ئەم شتە لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا نییە و هەر فڕۆكەخانەیەك تیمی پشكنینی تایبەتی خۆی هەیە، كە بە پرۆفێشناڵانە كاری خۆیان دەكەن”.

هەر لەبارەی ئەم بڕیارەوە حوسێن موحسین، بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی لە عێراق رایگەیاندووە”بڕیارەكە راستەوخۆ لە كازم فنجان وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراقەوە دەركراوە و ئێمەش نازانین هۆكارەكەی چییە، ئەوەی لە سەر ئێمەیە بە تەنها جێبەجێكردنی بڕیارەكەیە”.

Back to top button