روونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
خواكوڕك
دوای ئەوەی چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوردستان سەردانی پەرلەمانی ئەورووپایان كرد, سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:” هیچ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە داوەتنەكراوە”
لە روونكردنەوەیەكدا, سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە كۆپیەكی دەست خواكوڕك كەوتووە هاتووە, سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونی شاندێكی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، رایدەگەیەنێت، هیچ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە داوەتنەكراوە.
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، ئەو پەرلەمانتارانە بە هەماهەنگی لە نێوان خۆیاندا و بە بێ ئاگاداریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە، بۆیە بەدواداچوون دەربارەی ئامانج و مەبەستەكانی ئەم سەردانە دەكرێت.
سەرچاوەیەكیش، كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانە لە رێگەی نوێنەری پارتی گەلانی دیموكرات (HDP) لە یەكێتی ئەوروپا، كۆبوونەوەكەیان بۆ رێكخراوە و كۆبوونەوەكانیش لەسەر داوای خۆیان بووە.
سەرچاوەكە راشیگەیاند، پەرلەمانتارانی 4 فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان بوونە، 3 لەو فراكسیۆنانە بەشدارن لە حكوومەت، لە رێگای نوێنەری HDP لە یەكێتی ئەوروپا چەند كۆبوونەوەیەكیان بۆ رێكخراوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، كۆبوونەوەكان لەگەڵ فراكسیۆنی چەپەكان بووە كە خۆیان داوای ئەو كۆبوونەوانەیان كردووە.