ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆمەكەی توركیا راگەیەندرا

خواكوڕك
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەنجامی كۆتایی رایفراندۆمی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد كە دەنگی “بەڵێ” بۆ گۆڕانكارییە دەستورییەكان تیایدا سەركەوتووە.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئاشكرایكردووە كە لە ریفراندۆمەكەدا 23 ملیۆن و 779 هەزار و 141 دەنگدەر، بە “نەخێر” دەنگیان بۆ گۆڕانكارییە دەستورییەكان داوە.

لە بەرامبەریشدا كۆمسیۆنەكە ئاشكرایكردووە كە دەنگی “بەڵێ” 25 ملیۆن و 157 هەزار و 463 دەنگ بووە.

رۆژی یەكشەممە 16ی نیسانی 2017، ریفراندۆم بۆ هەمواری دەستور لە تەواوی توركیا ئەنجامدرا زیاتر لە 55 ملیۆن كەس بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگداندا كرد.

لە توركیادا زیاتر لە 167 هەزار بنكەی دەنگدان بۆ ریفراندۆمەكە كرایەوە، بەشێكی زۆریش لە زیندانییەكانی ئەو وڵاتە لە 463 بنكەی دەنگداندا كە لە زیندانەكاندا كراونەتەوە دەنگی خۆیان دا.

10 پارتی سیاسی دەتوانن نوێنەریان لەسەر سندووقەكان هەبێت و ماددەی 23 لە یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئەو پارتانە دەستنیشان دەكات كە دەتوانن نوێنەریان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان هەبێت.

هاوڵاتیانی توركیا تا ئێستا شەش جار بەمەبەستی دەنگدان لەسەر گۆڕانكاریی دەستوور روویان لە سندووقەكان كردووە، ئەوەش لە هەریەك لە ساڵەكانی 1961، 1982، 1987، 2007 و 2010 دا. ئەنجامی سەرجەم راپرسییەكان ‘بەڵێ’ بووە جگە لە راپرسییەكەی ساڵی 1988 كە بە ئەنجامی ”نەخێر” كۆتایی هاتووە.

راپرسییەكەی گرەوێك بوو كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەسەر دواڕۆژی سیاسی دەوڵەتی توركیا كردی و تیایدا هیواكانی لەسەر دەنگی بەڵێ هەڵچنی.

Back to top button