پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغدا: ئاڵا تاڵەبانی لانیكەم سەرۆكی نیوەی فراكسیۆن نییە و بۆی نییە بەناوی فراكسیۆنی یەكێتی قسەبكات

خواكوڕك

دوای ئەوەی ئالا تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندبوو: “لە كۆبوونەوەیەكی ئاساییدا رۆژی 26-4-2017 لە بەغدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی بە سەرۆك هەڵبژێردایەوە و بەختیار شاوەیس وەكو جێگری سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا”.

كامەران باجەڵان ئەندام پەرلەمانی یەكێتی لە راگەیێندراوێكدا بەناوی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیێنێت: “ئاڵا تاڵەبانی لانیكەم سەرۆكی نیوەی فراكسیۆن نییە و بۆی نییە بەناوی فراكسیۆنی یەكێتی قسەبكات”. هەروەها دەڵێت: ” نەك تەنیا زۆربەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی ، بەڵكو جێگری سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ئاڵاخان ناتوانێ سەركردایەتی فراكسیۆنەكەمان بكا”.
دەقی راگەیێندراوەكەی كامەران باجەلان، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی

لە ھەندێ پەیج و دامودەزگا بڵاوكرایەوە گوایە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق خۆی نوێ كردۆتەوە و سەرۆك و جێگر و سكرتێری ھەڵبژاردۆتەوە بە پێویستی دەزانم بە ھەموو لایەكی رابگەیەنم كە :

یەكەم: خاتوو ئاڵا تاڵەبانی بەبێ ئاگاداری نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكە كۆبونەوەیەكی كردووە و گوایە جارێكی تر خۆی بەپێوەری حسنی موبارەك ھەڵبژاردۆتەوە. چونكە من جێگری سەرۆكی فراكسیۆنم و ئاگاداری ئەو ھەڵبژاردنە نەبوومە.

دووەم: دیارە ئەو ھەڵبژاردنە زیاتر لە شانۆگەریەك دەچێ بۆ چەواشەكردنی خەڵكی و رێگەگرتن لە لادانی لەسەرۆكایەتی فراكسیۆنەكەمان.

سێیەم: لەم خولەی پەرلەمانی عێراق لەلایەن م.س بەبێ ھەڵبژاردن خاتوو ئاڵا بەسەرۆكی فراكسیۆن و منیش بەجێگری داندراین، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەڵس و كەوت و كارەكانی دوور بوون لە سیاسەتی (ی.ن.ك)و رێبازی مام جەلال زۆربەی ھەرەزۆری ئەندامانی فراكسۆنەكەمان دوای گەیاندنی نیگەرانیەكانیان بە م.س خۆیان لە فراكسیۆنەكە دووكردەوە و منیش پشگیری ئەوانم كرد.

چوارەم: لەبەر ئەوەی نەك تەنیا زۆربەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی بەڵكو جێگری سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ئاڵاخان ناتوانێ سەركردایەتی فراكسیۆنەكەمان بكا لە كۆبونەوەیەكی م.س لە مانگی ئابی رابردوو بەكۆی دەنگی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بڕیاری لادانی درا، بەڵام بەھۆی كێشە ناوخۆیەكانمان بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا ، بەڵام بڕیارەكە وەكو خۆی ماوەتەوە.

پێنجەم. لە رۆژانی رابردوو جارێكی تر مەسەلەی لادانی لەلایەن م.س ھاتەوە پێش و ئەویش ھەستی پێكردووە بۆیە شانوگەریەكی لەم بابەتەی دروستكردووە بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی نزیكەی نیوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی جارێكی تر ماوەی سەرۆكایەتیەكەی خۆی درێژكردۆتەوە و جێگرێكیشی بۆ خۆی داناوە.

لەبەر ئەوەی ئەم ھەواڵە لەلایەن ئاڵاخانەوە دراوەتە دامودەزگاكانی راگەیاندن ناچار بووم بەرچاوی ھەڤاڵانی خۆمان و لایەنەسیاسیەكان لەو بارەیە ڕوون بكەمەوە و رای دەگەیەنم كە ئەو ھەڤاڵەمان بەھیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نیە كە بەبێ بڕیار و ئاگاداری م.س و ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنەكەمان بەتایبەت كادیرە دیار و سەرۆك لیژجنەكانی پەرلەمان كارێكی لەو جۆرەبكا ،بۆیە ئەو لانی كەم سەرۆكی نیوەی فراكسیۆن نیە و بۆی نیە بەناوی فراكسیۆنی یەكێتی قسەبكا.

كامەران باجەلان (عبدالعزیز حسن)
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی
سەرۆكی لیستی ئاشتی كوردستانی
٤/٢٧/ ٢٠١٧

Back to top button