لەسەر نامەكەی چوار فراكسیۆنەكە باس لە خوێندەواری یوسف محەمەد دەكرێت 

خواكوڕك

پاش ئەوەی چوار فراكسیۆنی ( یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی) بێ ئاگاداری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و لەدەرەوەی رێكاری یاسایی پەرلەمان سەردانی پەرلەمانی ئەوروپایان كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەلێت ئەمانە بەنوێنەرایەتی پەرلەمانی كوردستان نەچوونە، بەدواداچوون بۆ چوونی ئەو ئەندام پەرلەمانانە دەكرێت لەبەرامبەردا مامۆستایەكی زانكۆ دەلێت ئەو نامەیەی كە واژووی هەرچوار فراكسیۆنی لەسەرە لەرووی زمانەوانیەوە، تەرجەمە كراوە و هەڵەیەكی ئابروبەرانەی تێدایە”.

حەسەن حەمە ، مامۆستای زانكۆ ، ” ئەو نامەیە كە واژووى ئەو چوار پەرلەمانتارەی  لەسەرە، چەندین هەڵەی شەرمەزار كەری تێدایە كە لەڕووی دیبلۆماسیەوە ئەگەری زۆرە كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ و بەهرۆز جەعفەر، چاودێری سیاسی، لەبارەی ئەو نامەیە رەخنەی تووند لە ئەو چوار فراكسیۆنە دەگرێت و دەلێت ”تەنھا لە ڕووی زمانەوانییەوە (9) ھەڵەی زەقی تیایە، لە ڕووی شکڵیشەوە ھەستم کرد ئەمە دەردە دڵی کوێخا سمایلی تەلان بێت بۆ لالە سەرحەوی شارەزوور، نەک نامەیەکی فەرمیی ستاندار”.

حەسەن حەمە  مامۆستای زانكۆ لەسەر نامەكە دەلێت لایەنەكانی نامەكە هێشتا هیچ شتێكیان نەنوسیوە و هیچ داواكارییەكیان لە لایەنی بەرامبەر نەكردووە هیوای بەختێكی باش و باشی بۆ لایەنی بەرامبەر دەخوازن كە ئەمە پێویستە لەكۆتایی نامەكەوە بێت، هەروەها دەشلێت تەواوی نامەكە نامەیەكی تایپ كراوە بەڵام لەسەری سەرەوە كە نوسراوە بۆ : نامەكە بە قەڵەمی جافی شین نوسراوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەوروپا كە هەم وشەی ئەوروپا هەڵە نوسراوەو هەمیش وشەی سەرۆكایەتی ، وشەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەوروپا بەقەڵەمی جافی شین نوسراوە و بەمەش جیاوازە لە تەواوی نوسینی نامەكە. هەروەها گوتیشی، نامەكە چەندین هەڵەی تایپی تێدایە كە مایكرۆسۆفت ۆرد خۆی ئەو هەڵانە دیاری دەكات و وشە هەڵەكە سوور دەبێت بەڵام نازانم ئەو برادەرانە بۆ نەپەرژاونەتە سەر ئەو هەڵانە چاكی بكەن لە خاڵی چوارەمدا ئەو مامۆستایە زیاتر دەلێت، نامە كە هەڵەی گرامەری زۆری تێدایە و ئینگلیزیەكی ڕەكیكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. نامەكە وا دیارە پێشتر بە كوردی نوسراوە و هەمان تەعبیری كوردی بە شێوەی حەرفی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

 

 

 

بەهرۆز جەعفەر لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك دەشنووسێت، ”کاکە گیان، تۆ جارێک لە زانکۆی ئەمریکی وتت ”چاکسازیی بە مرۆڤی خوێنەوار ئەکرێت”، وتیشت “حوکمڕانی پێویستی بە مەعریفەیە”، ئەم نامەیە دەرخەری ئەوەیە کە ھەرچی لەو وەفدەی لەگەڵتانە، (ھەندێکیان ھاوڕێمن)، نەخوێنەوارە و لەسەر بنەمای ھاتوھاوار بووەتە پەرلەمانتار، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی کە خەڵکی کوردستان باجەکەی دەدەن“.هاوکات باس لە گەشتەکەی یوسف محەمەد و شاندەکە دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”عەزیزم، بێژن حەزمان کرد بە جەماعی گەشتێکی ئەورووپا بکەین، نەک بە خەڵکی بفرۆشنەوە و مێشکمان ببەن“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”چ گوناحێکە ئێوە نوێنەری من بن لە ئەورووپا، لای گەلانی دونیا، بە ھەمووتان نازانن نامەیەکی فەرمی چۆن ئەنووسرێ!.

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونی کردووەتەوە، لە خاڵی چوارەمی نامەکەدا کە دوو دێڕ و دوو وشەیە، ”3 هەڵەی زەق و جۆراوجۆری تێدایە“. باسیشی لەوە کردووە کە تەنانەت ئەو کەسانەی واژوویان لەسەر نامەکە کردووە، لە واژووەکانیشدا هەڵەیان کردووە. بۆیە دەڵێت: ”ئەم نامەیە لە کارتی داوەتی سەرشایی ئەچێت، چونکە ھەموی تایپ کراوە، بەڵام بە قەڵەمی جاف ناوی ئەو شوێنە نووسراوە کە بۆی چووە، بەھەرحاڵ پڕ پڕە لە ھەڵەی زمان و نەنگیی دیپلۆماسی، لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: ”سیاسەت، نە ئەوەیە دزیی و خیانەت لە نیشتمانی خۆت بکەی، نە ئەوەیە وەک پەرلەمانی کوردستان، ببێتە مناڵبازاڕی و لانەی ھەرزەکاران“.

 

 

Back to top button