یەلدرم دادگا ناتوانی ئەنجامی ریفراندۆمی دەستوور بگۆڕێت 

خواكوڕك 

لەدیمانەیەكی دا لەگەڵ (BBC World) بناڵی یەڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا، لەبارەی رەخنەكان لە ئەنجامی ریفراندۆمی توركیا لەسەر گۆڕانكاری لەدەستوور دەلێت “ئایا لە شوێنێک دیکتاتۆری هەبێت هەڵبژاردن دەکرێت، پارتی سیاسیی لێ دەبێت، هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ دەنگ بدەن؟ ئەو دەنگۆیانە هیچیان راست نین چونکە نزیکەی ٥٠ ملیۆن هاووڵاتیی چوونە سەر سندووقەکان و دەنگیان دا”.

هەروەها یەڵدرم لە دیمانەكەشدا گوتی: لە ریفراندۆم نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس بە “نەخێر” و زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەسیش بە “بەڵێ” دەنگیان دا و لە نێویاندا یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ جیاوازی هەبوو، گوتی: “ئەگەر دیکتاتۆرییەت هەبووایە، خۆمان بڕیارمان دەدا. بە رێژەیەکی باشی وەک لە سەدا ٨٠-٩٠ ئەم کارەمان تەواو دەکرد. لەو ناوچەیەی سەرکكۆمار لێی لەدایکبووە و لێی ژیاوە لە ئوسکودار خەڵک زیاتر بە ‘نەخێر’ دەنگی داوە. لە ئیزمیر کە من پەرلەمانتاری ئەو بازنەیە بووم دەنگی ‘نەخێر’ لە پێشەوەبوو، لە ئیستانبوڵ و بەشێکی زۆری شارە گەورەکان بەهەمان شێوە”.

هەروەها سەركوەزیرانی توركیا گوتیشی “ئەگەر گەل دانی پێدانا و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن دانی پێدانەنا چی دەبێت؟ هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئەو بڕیارەی گەل داویەتی لە دادگا بیگۆڕێت. نە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری و نە دادگایەکی دیکە ناتوانێت بڕیاری گەل بگۆڕێت. ئەو بڕیارەی ملیۆنان کەس داویەتی تەنها گەل دەتوانێت بیگۆڕێت. لەبەرئەمە ئەوانە هەوڵی بێهودەن. داواکاری من لە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە پابەند بێت بە بڕیار و ئیرادەی گەل. لە هەڵبژاردن و گشتپرسییەکانی دواتر باشتر قۆڵی لێ هەڵبماڵن و هەوڵی زیاتر بدەن و باشتر بچنە ناو دڵی گەل”.

Back to top button