بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق باسی شەری موسڵ دەكات
خواكوڕك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی عێراق و فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا بەرز نرخێندرا و جەخت لەسەر بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییە کرایەوە.
ڕۆژی شەممە ٢٩ـی ٤ـی ٢٠١٧ لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ڕوکن ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا کە کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت ئامادەی بوو، وەزیری بەرگریی عێراق، بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ ئاگادار كردەوە. هەروەها بارودۆخی ناوچە ئازاکراوەکانی مووسڵ و ئاییندەی موسڵ خرایە بەرباس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا بەرز نرخێندرا و جەخت لەسەر بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییە کرایەوە.