زێباری و جێگری باڵوێزی بەریتانیا باسی ریفراندۆم دەكەن

خواكوڕك
دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە لایەن پارتی‌و یەكێتی, هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جێگری باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، باسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكات.
زێباری كە ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتییە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕیفراندۆم لەگەڵ لایەنەكان، ماوەیەكە زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ نوێنەری دیپلۆماسی وڵاتان ئەنجام دەدات.
هۆشیار زێباری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە پۆستێكدا كە وێنەیەكی خۆی و جێگری باڵوێز و كۆنسوڵی گشتی بەریتانی لەگەڵ داناوە، نووسیویەتی لەگەڵ نیك لاتا جێگری باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا و جۆن شارپ كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كۆبووەتەوە و باسی ریفراندۆم و پەیوەندی هەولێر و بەغدایان كردووە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، هۆشیار زێباری لە ماڵەكەی خۆی، پێشوازی لە كلاریس پاستوری سەرۆكی بیرۆی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر و خاتوو جانیت ئەلبێردا كۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی نەمسا لە ئوردن و عێراق كردبوو.
ڕۆژی سێشەممەش، زێباری دیدارێكی لەگەڵ دۆمینیك ماس كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر هەبووە، بە هەمان شێوە باسیان لە پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكە كردووە.
دوای سەردانەكەی ئەنتۆنیۆ گۆتێریس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەولێر و دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و بڕیاریان لەسەر پێكهێنانی شاندێك بۆ لای هێزە سیاسییەكانی كوردستان دا، بەو ئامانجەی كە كۆمیتەیەكی ڕیفراندۆم لە نوێنەرایەتیی لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان پێك بێت و لە ماوەی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.

Back to top button