قه يتان و چوار پەرلەمانتارەكه
سەلام عەبدوڵڵا
پ.ك.ك دیارە سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی لەمەڕ دۆزی نەتەوەی كورد كە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە و لەوپێناوەشدا لێشاوێك خوێن و قوربانی داوە، نەشاردۆتەوە و هەر جارەو زاتێك دێتە سەرخەت و شەكرەكانی بەكلۆی گەورە دەشكێنێ و ئاهێك بەداگیركەرانی كوردستان و هیوایەكی لەرزۆكیان پێ دەبەخشێت. سەردەمێك دەوران كەلكان كە بە رەگەز كوردیش نییە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە كورد نەتەوە نییە و نەیارانی ناوخۆی هەرێمیش پەسەندیان دەدا و وتە قێزەونەكانی بە خۆشحاڵیەوە بڵاودەكرایەوە و دەمانێك رەزا تەنەكەیەك كە خۆی بە رەزا ئاڵتون دەناساند، بەسەر گەلەكەماندا دەڕشایەوە و نەفرەتی لە خاك و ئاڵامان دەكرد.
وا ئێستاش زاتێكی تر بەناوی قەیتانەوە – عەلی حەیدەر قەیتان- هاتووە وەك ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە خۆی پێشكەش دەكات و لە دیمانەیەكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی دەڵێ: ئێمە دژی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی دیكەین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە مەبەستی تەنها كوردە و »رێگە بە دروستبوونی نادەین«.
جا ئەم قەیتانە لەوە زیاتریش پێی لێ هەڵدەبڕێت و ئێزدی و هەورامی و كەركووك لە كوردستان و كورد جیا دەكاتەوە و دەڵێت ناهێلێن بیانكەنە كورد!
هاوكات چوار پەرلەمانتاری كوردیش بەناوی پەرلەمانەوە روو دەكەنە ئەوروپا و سكاڵای خۆیان لە هەرێم و دەسەڵات دەكەن و داوای پشتگیری لە پەرلەمانی ئەوروپا دەكەن كە وەك لە روونكردنەوەی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەوروپادا هاتووە كە ئەمانە لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا نەبووە و لەلایەن نوێنەرایەتی(HDP) لە برۆكسڵ بووە بۆ سیمنارێك كە تایبەتە بە كوردە فەیلیەكیان و پ.ك.ك زوو زوو رێكیدەخات و لە چوارچێوەیەكی بچوكدایە و هەندێك چەپە گروپی نێو پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری دەكەن و جێی بایەخ نین و ئەمانیش تەنها بۆ ناشیرینكردنی باردۆخی هەرێم لەبەرچاوی ئەوروپیەكان و هیچیتر، چونكە پەرلەمانی ئەوروپا خۆیان زۆر چاك ئاگاداری بارودۆخی هەرێمن و پێویستیان بەو روونكردنەوە لاوازە و بە ئینگلیزییە شەق و شڕە نیە كە لە رێگەیەوە ئاگاداری هەرێمی كوردستان بن.
ئەمانە كە وەك دەردەكەوێت هەندێكیان بەبێ ئاگاداری حزبەكەیان و فراكسیۆنەكەشیان بەشدارییان كردووە.
قەیتان و هاوبیرانی بەجۆرێك دژایەتی داخوازییەكانی هەرێم دەكەن و ئەمانیش بەم جۆرەی خۆیان، كە لەڕاستیدا هەردووكیان هەر هەوڵە بۆ لەباربردنی پرسی سەربەخۆیی و پەیداكردنی دوژمنە بۆ دۆزی كورد كە سەدان ساڵە قوربانی بۆ دەدات و ئەمانیش هاوتەریب لەگەڵی دەڕۆن.
لەكۆتاییدا دەڵێین قەیتان و حزبەكەی وەك MHP و بگرە خراپتریش بیر دەكەنەوە و ئەو چوار پەرلەمانتارەش وەك PKK، بۆیە هەردووكیان هەر ئاو دەكەنە ئاشی نەیارانی هەرێم و سەربەخۆییەوە.