پارتی: جێگیر كردنی هێزی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بەهەنگاوێكی باش دەبینێت
خواكوڕك
نووری بریمۆ ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان _سوریا ( پەدەكەسێ) لەبارەی جێگیر كردنی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان كە پاش هێرشی توركیا بۆ سەر چیای قەرەچوغ بریاری لێدرا، بە ئەرێنی دەبینێت، دەلێت ئەمە سەرەتایەكە بۆ ئەوەی ئەمەریكا بەشدار بێت لە شەڕی سووریادا و، هەبوونی هێزەكەی، یەكەم هەنگاویەتی بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پەدەكەسێ ئەوەشی بە مالپەری فەرمی پارتی راگەیاندوو، ئەو هێزەی ئەمەریكا كە لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باكووری كوردستان نیشتەجێ بووە، پێشتر لە كۆبانی بوونە و ئەركیان هەبووە، ئێستایش كە هاتوونەتە سەر سنوور، زیاتر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەكەیە لە بۆردوومانی وڵاتی توركیا و بەو هۆیەوە لەو رۆژەی هێزەكەی ئەمەریكا گەییشتووەتە ناوچەكە، بۆردوومانەكە راگیراوە، پێمان وایە جێگیركردنی هێزی ئەمەریكا لەسەر سنووری سووریا، یەكەم هەنگاوی ئەمەریكایە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە كێشەی سووریادا”.
هەروەها بریمۆ دەشلێت”هێزی دیكەی بیانییش هەن لە سووریادا و چەندین هێزی ئێرانی و رووسیایی و حیزبوڵڵای لوبنانی بوونیان هەیە، لەبەر ئەوە ئەمەریكا دەیەوێ لە ناوچەكە هێزێكی هەبێت و سنووری باكووری سووریا واتە رۆژئاوای كوردستان، گرینگە تا دەگاتە نزیك دەریای سپی، ئێمەیش پێمان باشە هێزەكەی ئەمەریكا لە ناوچە كوردستانییەكانی سووریادا جێگیر بكرێت، وەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ئەمەریكا هێزی نارد بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، چونكە هێزی ئەمەریكا هێزێكی نێونەتەوەییە و هاوشێوەی باشووری كوردستان لە رۆژئاوایش سوودی زۆری دەبێت”.