دواین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی و حكومەت و دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگەی دێرین
خواكوڕك
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ یەكشەممە 30ـی 4ـی 2017 دواین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكومەت و هەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگەی دێرین، بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكاتەوە”.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكانی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان كرا. هەروەها حكوومەتیش ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی چارەسەركردن و جێبەجێكردنی داواكانی هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەردوولا تەفاهومی یەكتر بكەن و لە یەكلاییكردنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و موستەحەقاتیان ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەكان پشتگوێ نەخرێت. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە هەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان بەرچاوی حكوومەت ڕوون بكەنەوە و حكوومەتیش بە میكانیزمێكی گونجاو چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكان بە ئەولەویەتی خۆی بزانێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواڕۆژی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان باس كرد.