نێچیرڤان بارزانی و ئا‌ڤێدیس گیدانیان باسی بەهێزی پەیوەندی نێوان كوردستان و لوبنان دەكەن

خواكوڕك

ماڵپەری سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان بڵاوی كردەوەپێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30-4-2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ئا‌ڤێدیس گیدانیان وه‌زیری گه‌شتوگوزاری لوبنانی و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی گرووپی كۆمپانیاكانی مالیا و سه‌رۆكی كۆمپانیای ڕۆتانا و شاندێكی فه‌رمی و بازرگانی پێكهاتبوو كه‌ به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی هۆتێلی دووه‌می ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.

مالپەرەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز گیدانیان خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رباری ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێم به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ توانیویه‌تی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ ببێته‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ باسی له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و لوبنان كرد كه‌ ئه‌وانیش به‌ هه‌مان قه‌یراندا تێپه‌ڕیون‌.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاشكرای كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی هانی كه‌رتی تایبه‌تی لوبنانی ده‌دات له‌ هه‌رێمی كوردستاندا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن چونكه‌ ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌ و پشتگیرییه‌كی باشیش بۆ سه‌رمایه‌گه‌زاریی بیانی هه‌یه،‌ بۆیه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ پته‌و‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و خه‌ڵك و حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تی لوبنانی كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئازادكرنی عیراقه‌وه‌ تا ئێستا ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌وه‌بردنی ئابووری و باشتركردنی ژێرخان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و هیوای خواست ئه‌م ڕۆڵه‌یان فراواتر بكرێت.

نێچیرڤان بارزانی و ئا‌ڤێدیس گیدانیان

 

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ كرنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی هۆتێلی دووه‌می ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رمایه‌گوزارانی بیانی متمانه‌یان به‌ سیاسه‌تی حكوومه‌ت و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك ده‌ربڕی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش خه‌ریكه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و به ‌پێویستی زانی پلان و سیاسه‌تێكی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی قۆناغی دوای داعش هه‌بێت، چونكه‌ شه‌ڕی داعش ته‌نیا سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵكو ئایدۆلۆژیشه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و به‌ پێویستیشی زانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌غدا به‌ شه‌ریكی خۆی ده‌زانێت و ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی عیراق.

به‌ڕێزیان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و لوبنانی به‌ مێژوویی وه‌سف كرد و ئاماژه‌ی به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی لوبنان و ڕۆڵیان كرد‌ و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پته‌و‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی.

Back to top button