بارزانی و كونسوڵی نوێ ئیتالیا باسی چیان كردووه‌

خواكوڕك

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو سێرێنا موورۆنی كونسوڵی نوێ ئیتالیا لە هەولێر كرد. لە دیدارەكەدا كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، دەستبەكاربوونی لە كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئیتالیا ئەوەی خستەڕوو كە هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.

هەروەها كونسوڵی نوێ ئیتالیا لە هەولێر راشیگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنان و هەروەها پێدانی چارەسەری پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆردا بریندار بوونە. كونسوڵی ئیتالیا ستاییشی قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شەڕی تیرۆریستاندا هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ میواندۆستی و فەرهەنگی بەرزی خەڵكی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی ئیتالیا خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە لە رۆژی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوون و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشان دا بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق باس كرد و هەروەها رۆشنایشی خستەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان. پەیوەست بەم باسەوە كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر رایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی.

Back to top button