پلانێكی پەكەكە لەشنگاڵ ئاشكرا دەبێت
خواكوڕك
دوای ئەوەی كە پیشمەرگە شنگاڵی كۆنتڕۆلكردەوە پارتی كرێكارانی كوردستان چەند بنكەو بارەگایەكی لە ناوەوەو دەورووبەری شنگاڵ كردەوە, كە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ ئەوە دەستی ئاوەدانی نەگاتە شنگاڵ لە ئێستادا بووەتە سەرچاوەی نا ئارامی ناوچەكە, نوێنەرێكی شنگال لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە هەوڵ لەلایەن گرووپەكەی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی حزبی دەعوە هەیە بۆ ئەوەی مۆڵەت بەسێ حزبی سیاسی لە شنگال بدرێت كە سەرجەمیان لەلایەن پەكەكەوە دروستكراون.
د. ماجید شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ” پەكەكە لەدوای هێرشەكەی توركیا، ترسی لێنیشتووە، رەنگە مانەوەیان لەو ناوچەیە مەترسی بێت، بۆیە دەیەوێت بەهەر جۆرێك هەیە، ئەگەر نەكشێتەوە لە شنگال، خۆی دابەشی سەر چەند حزبێكی بچووك بكات كە بەناوی خەڵكی شنگال و هەرێمی كوردستانەوە كاریان بۆ بكەن، بۆ ئەوەی خەڵك نەڵێن پەكەكە لە شنگالە و ئەمەریكا و توركیاش وازیان لێ بهێنن”.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە حزبەكانیان هاوشێوەی ئەو حزبانە دەبێت كە لە ڕابردوودا بە ناوەكانی (تەڤگەری ئازادی، پەچەدەكە و هتد) دروستی كردووە. گوتیشی: “پەكەكە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدات كە چەند حزبێكی پاشكۆ دروست بكات لە شنگال، گرووپەكەی نووری مالیكیش پشتیوانیی ئەو هەوڵە دەكەن و هاوكاری و یارمەتییان پێ دەدەن، ئێستاش باس لە مۆڵەتی سێ حزب دەكرێت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كە نووری مالیكی پشتگیرییان دەكات”.
لەمبارەیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگالگوتوویەتی: “ناهێڵین شنگال ببێتە قوربانیی ململانیی سیاسی و هەر حزبێك بیەوێت لە شنگال مۆڵەت وەربگرێت، دەبێت بچێتە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەست وەردان لەكاروباری ئیدارەی شنگال ڕەت دەكەینەوە”.