ئەگەر پەرلەمان كارا نەكرایەوە!
ئاریان فەرەج
تێكڕای حزبەكان لە پارتی باشتر ئاگادارن كە دەرفەتی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ كورد هاتۆتەپێش. دەرفەتەكەش كراوە نییە و ئەگەر لە ئان و ساتی خۆیدا نەقۆزرێتەوە، لەدەستدەچێ و رەنگە تا ئەبەد جارێكی دیكە فەراهەم نەبێتەوە.
بەپیرەوەچونی ئەم دەرفەتە ئیجماعی كوردستانیی دەوێت. دەنا گێچەڵ و سەریەشەی بۆ دروست دەبێ. هەر لەو پێناوەشدا ئەو هەموو جەولاتی كۆبونەوەی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی و دوو قۆڵییە بەڕێوەچوو. لە لایەن پارتییەوە دەستپێشخەری و نەخشەرێگا خرانەروو. پارتی سێ ساڵە یەك رستە دەڵێتەوە: ئەگەر پێكهاتن و ئاشتەوایی سیاسی لە نێوان حزبەكاندا تا دەمی ریفراندۆم هاتەدی، خێردارە، خۆ ئەگەر گفتوگۆكان تا ئەو كاتە نەگەیشتە ئەنجام، نابێ و ناكرێ و مێژوو لە كەسمان قبوڵ ناكات بەو هۆیەوە ریفراندۆم و دەرفەتی سەربەخۆیی لەدەست بچێ و گەلی كوردستان رەنج بەخەسار بێت و باجی ناكۆكی و پێكنەهاتنی حزبەكان بدات. بۆیە هەر لە دەسپێكەوە پارتی تكا دەكات ریفراندۆم و سەربەخۆیی وەك مافێكی رەوای میللەت تێكەڵ بە ناكۆكی حزبەكان نەكرێت. پێكهاتنەوەی ئەحزاب و رێكەوتن لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكرێتە پێش مەرجی پشتیوانی لەو مافە رەوا و چارەنوسسازەی خەڵكی كوردستان.
ناكرێ حزبگەلێك خۆ بە بەشێك لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بزانن و كەچی لە ئان و ساتی بەدیهاتنی ئامانجی ستراتیجی بزوتنەوەكەدا، بڕو بیانووی حزبی پێ بگرن و مەتڵەبی حزبی و بەرژەوەندی تەسكی خۆیان لە بەدیهاتنی ئامانجی ستراتیجی گەلەكەیان بە گرنگتر و لەپێشتر بزانن و تەنانەت بیكەنە پێش مەرجی پشتگیریی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی. بە هەموو پێوەرێك ئەوە هەڵوێستێكی نانیشتمانی و نا نەتەوەییە و بخوازن یان نا بەو هەڵوێستەیان ئاو دەكەنە ئاشی داگیركەران و دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستانەوە.
ئەوانەی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەنە پێش مەرجی ریفراندۆم و گوایە بێ ئەو كاراكردنەوەیە پرۆسەكە نایاسایی و ناشەرعی دەبێ، لە هەموو كەس باشتر دەزانن گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێ سەربەخۆییم دەوێ نە پێویستی بە پەرلەمان و نە یاسایە ونە مافی دیاریكردنی چارەنوسی هیچ گەلێك لە مێژوودا لە سەر كارایی و ناكارایی پەرلەمان و لەسەر یاسا پەكیكەوتووە. رێكنەكەوتنیش لەسەر سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمان كەتاكە هۆكاری ناكاراییەتی، نابێ ببێتە مایەی مەحروم بوونی گەلی كوردستان لە دەرفەتی دیاریكردنی چارەنوس.
ئێستا گەلی ئێمە لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسساز و ریزبەندییەكی خەمخۆرانەی ئەولەویاتدایە. ئایا رێكەتن لەسەر سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمان ئەولەوی و لەپێشترە یان سەربەخۆیی كوردستان. دەبێ پێداگیری لەسەر كامیان بكەین . یان راستتر بڵێین، ئەم دوو مەسارە چ پەیوەندییەكیان پێكەوە هەیە. بۆ دەبێ تێكەڵ بكرێن و بخرێنە بەرامبەر یەكدی.
لەم تێكەڵ كردن و بەیەكەوە بەستنەوەی ئەو دوو مەسارەدا، پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە : ئایا ئەگەر تا دەمی ریفراندۆم كە زۆر نزیكە و لەدواخستن نەهاتووە، لەسەر سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمان رێكنەكەوتین، چ دەبێ؟ دەست لە ئاواتی رەوا و مافی نەتەوەی كورد هەڵدەگرین ؟ ئایا حزبە ناڕازییەكان دەنگدەر و هەوادارانیان لە بەشداری و بەڵێ گوتن بۆ ریفرانۆم قەدەغەدەكەن و دژی سەربەخۆیی كوردستان دەنگ دەدەن؟
ئەگەر ئەوە رویدا، چ دەبەینەوە و چ لەدەست دەدەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە كە پرسیاری نەوەكانی داهاتووە لە ئەستۆی ئەو حزبانەیە كە ناتوانن لەئاست گەورەیی و مەسئولیەتی مێژوویی و پێشڕەوایەتی مافی رەوای گەلەكەیاندا بن.