كاراكردنەوەی پەرلەمان یان بەحیزبیكردنەوەی ؟
رێبوار كەریم وەلی
(1)
گرفتی سەرەكی لە مەسەلەی پەرلەمانی چوارەمی كوردستاندا، ئەوە بوو جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 38 كورسییە و بەشی زۆری 11 كۆتاكەشی لەژێر دەستدایە، هیچ كام لە چوار حیزبەكەی دیكە كۆنتڕۆڵی تەواویان نەك هەر بەسەر ئەندام پەرلەمانەكانیانەوە، بگرە بەسەر فراكسیۆنەكانیشیانەوە نییە. تەنها فراكسیۆنێك كە سەد لەسەد پابەندی بڕیاری حیزبەكەیەتی و كاریشی لە پەرلەمان جێبەجێكردنی ئەجێندای حیزبەكەیەتی، فراكسیۆنی پارتییە. حیزبەكانی دیكە، خەڵكانێكیان ناردە پەرلەمان، كە نە ئەزموون و نە توانای خوێندنەوەی واقیعی سیاسییان نەبوو. كە نەشیانبوو، حیسابیشیان بۆ سیاسییەكانی خۆیان نەدەكرد، گوایە بە حیسابی خۆیان چەندی بتوانن دەركەون و دژ بن، هێندە لای خەڵك خۆشەویستتر دەبن! جگە لەوەش پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992ـەوە، لە ژێر ئیرادەی موتڵەقی پارتی و یەكێتیدا بووە، چونكە ئەوان خۆیان بە خاوەن و دامەزرێنەری پەرلەمان زانیوە و كاتێكیش كە پارتی دیتی خەریكە نە ئەوان و نە یەكێتی كۆنتڕۆڵیان بەسەر تێكڕای پەرلەماندا نامێنێت، تەعتیلیان كرد و، بڕیارەكانیان بردەوە بۆ مەكتەب سیاسییەكان، واتا مەتبەخە ئەسڵییەكە.
راستییەكەی كاری پەرلەمانی و رووە راستەكەی ئەوەیە كە پارتی دەیكات، چونكە پەرلەمانتارانی پارتی، بەدەنگی پارتییەكان و بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی لە پەرلەمانن و، ئەگەر بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان هەڵبژاردبایە، رەنگبێ یەك دوو یەكیان بووبان بە ئەندامی پەرلەمان. بۆ ئەندام پەرلەمانەكانی دیكەش هەمان شتە و ئەگەر حیزبەكانیان لە پشت كاندیدكردنیانەوە نەبان، نەدەبوونە ئەندامی پەرلەمان. بۆیە پەرلەمانتاران و سەرۆكی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان لەجیاتی ئەوەی دەرك بە دەرك بگەڕێن بۆ سكاڵاكردن لە كارانەبوونی پەرلەمان، دەبێ بزانن كە ئەوان هۆكاری تەعتیلی پەرلەمانن و هەر ئەوانیشن كە ئەگەر هێندە پەرۆشی دامودەزگاكانن، دەتوانن بەكاریان بخەنەوە و شەرعییەتیان بۆ بگەڕێننەوە.
ئەگەر پارتی هۆكاری تەعتیلكردنی پەرلەمان بێت، ئەوا نەبوونی كاریگەریی حیزبەكانی دیكە بەسەر ئەندام پەرلەمانەكانیانەوە، نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و لاوازییانە لە بەڕێوەبردنی حیزبەكانیان، نەك داكۆكیكردن لە مافی خەڵك. چونكە دوو ساڵە خەڵك هەست بە بۆشایی پەرلەمان ناكات و بگرە وەك سەرچاوەی كێشە سەیری دەكات. بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمان لەناو حیزبەكانەوە دەست پێدەكات، بە شێوەیەك كە بتوانن ئەندامانی خۆیان بەڕاستی بكەنەوە بە فراكسیۆنی یەكگرتوو و یەكدەنگ و، پابەند بە بنەما سەرەكییەكانی سیاسەت و ستراتیژی حیزبەكانیان.
پارتی (بە مەرج) بەغدا چۆڵ ناكات
(2)
هاوكات لەگەڵ ئەوەیدا كە پارتی لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی دیكە، كار بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی (لە سەرانسەری كوردستان بە كەركوك، خانەقین و شەنگالیشەوە) دەكات، سیلەیەكی چاویشی هەر لە بەغدایە و، پڕنەكردنەوەی پۆستە چۆڵەكانیشی لە بەغدا مانای ئەوە نییە كە بە یەكجاری دەستی لە بەغدا شووشتبێت، بە پێچەوانەوە پارتی بیر لەوە دەكاتەوە كە تا ئەو رۆژەی سەربەخۆیی رادەگەیەندرێت، مەیدانەكە بۆ كەس چۆڵ نەكات. هەر بۆیە بەشێوەیەكی جیددی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی 2017ـی كوردستان (ئەگەر بكرێت) و 2018ـی بەغدا ئامادە دەكات.
پارتی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی 2018 مەرجی ئەوەی هەیە كە یاسای هەڵبژاردنەكان لە وڵاتی بەناو عێراقدا دەستكاری بكرێ، بەشێوەیەك كە رێگر بێت لە هەیمەنەی شیعە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە، رێگر بێت لەوەی خەونی مالیكی بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر كورسیی دەسەڵات بێتەدی. رەنگبێ پرسیار ئەوە بێت كە سەربەخۆیی و ململانێ بۆ هەڵبژاردن لە بەغدا كوجا مەرحەبا؟ بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە غیابی پارتی لە بەغدا تا كامڵبوون و ( بۆ كامڵبوونی) پڕۆسەی سەربەخۆیی بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات و پارتی ئامادە نییە، جێگەی خۆی وەكو دووەم حیزبی گەورە بداتە كەس، سەرباری ئەوەشی كە رۆڵی لە بەڕێوەبردنیشدا نەبێ، بەڵام بەغداش بەبێ پارتی نابێت. پارتی ئەگەر بتوانێ یاسای هەڵبژاردنە گشتییەكان بگۆڕێت، بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات و بەوەش هەم رێگری لە ئیستیبدادی مەزهەبی كردووە و، هەمیش پێگەی خۆی و كورد لە بەغدا بەهێزتر دەكات. لەو پێناوەشدا رەنگبێ لایەنەكانی دیكە مەتڵەبیان بێت كە ئیمتیازێك لەوباریەوە لە پارتی وەربگرن كە ئەویش سەرۆكایەتیی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە (لە راستیدا سەرۆكی ئێستا دەورێكی ئەوتۆی بۆ نەهێشتراوەتەوە)، بۆیە پارتی لە هەنگاوی یەكەمدا، وا دەكات كە سەربەست ئامێدی و ستافەكەی، پێش ئەوەی بەرەوڕووی هیچ لێپێچینەوەیەكی وەك ئەوەی زێباری ببنەوە، خۆیان دەست لەكار بكێشنەوە و ئیمتیازێكی زیادە نەدەنە لایەنگرانی ئیستیبدادی مەزهەبی.
“لە پڕێكا خۆمانی پێدا دەكەین”
(3)
چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ ناو كوردستانی رۆژئاوا لە ئانوساتدایە. رەنگبێ ئەردۆغان نەیەوێ لەو بابەتەدا تووشی بەركەوتن بێت لەگەڵ سەربازانی سوپای ئەمریكا كە لە ناوچەكەن، بەڵام ئیتر باس لە ئەردۆغانێك دەكەین كە ئەوەی بڵێ دەیكەم، دەیكات. پەكەكە نەیتوانی بۆردومانەكانی هەفتەی رابردووی توركیا بۆ سەر شنگال و قەرەچوخ وەك كەرەستەی پڕۆپاگەندە بۆ خۆی بەكار بێنێت، بۆیە لە حاڵەتێكی وەهاشدا هەر بە تەنها دەمێنێتەوە. چونكە نەیارترین حیزبەكانی پارتیش نەیانتوانی ئەوە نەڵێن كە بوونی پەكەكە هۆكارە بۆ پەلامارەكانی توركیا و پەكەكەش هەر ئەوە ئامانجیەتی. توركیاش وەك ئێران بێ گوێدانە یاسا و رێسای نێودەوڵەتی لە رووی سوپاییەوە دەخزێتە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشترین بیانووشیان ئەوەیە كە مادام بۆ ئێران حەڵال بێت بۆچی بۆ ئەوان حەرامە؟ توركیا كوردستانی رۆژئاوا داگیر دەكات، بەڵام كاردانەوەكان قەت وەك پەلاماری داعش بۆ سەر كۆبانێ نابن.