حكومەتی هەرێم وەڵامی تووندی ئێران دەداتەوە

خواكوڕك 

لە راگەیاندراوێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی تووند لێدوانێكی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەداتەوە و رایدەگەێنێت، رێگا بەكەس نادەین دەستێوەردان لەكاروباری ناوەخۆی كوردستان بكات”.

فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر لێدوانێكی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند، دەلێت هەروەک پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى ڕایگەیاندووە، پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان پرسێکى ناوخۆیی عێراقە. بۆ ئەم مەبەستەش بە ڕێگەى گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى لە بەغدا تاوتوێ دەکرێ و بڕیارى لەبارەوە دەدرێ. هەر بۆیە لە دەرەوەى ئەم چوارچێوەیەدا هەر لێدوانێک رەت دەکەینەوە و دووپاتى دەکەینەوە کە ڕێگە بەدەستێوەردانى هیچ لایەک نادەین”.

لە راگەیەندراوەكەی حکومەتى هەرێمى کوردستاندا  نیگەرانى خۆى بەرامبەر لێدوانێکى گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەربارەى مافى چارەى خۆنووسینى گەلى کوردستان دەربڕی و رایگەیاند کە مافى چارەى خۆنووسین وەک هەموو گەل و نەتەوەکانى دیکەى دنیا؛ مافێکى سرووشتى گەلى کوردستانە.

هەروەها جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم مافێکى ئاسایی و سرووشتى گەلى کوردستانە و دوابڕیاریش دەربارەى سەربەخۆیی لە لایەن گەلى کوردستان دەبێت کە مافێکى سرووشتى خۆیەتى.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو بە هەموو شێوەیەك دژی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانن و پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن.

Back to top button