سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە
خواكوڕك
له ڕوونكردنهوهیهكدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان قسەكردن لەسەر بارودۆخی پەرلەمانی كوردستان له پهرلهمانی عێراق، به كارێكی نامۆراڵانەی سیاسی و پێچەوانەی ئەو ماددە دەستوورییش وهسف دهكات.
دهقی ڕوونكردنەوەكە
لە رۆژی یەكشەممە 30/4/2017 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسی پەرلەمانی كوردستانی خستە نێو كارنامەی دانیشتنێكی ئاسایی خۆی بە مەبەستی گفتوگۆكردنی، كە لە تێروانینی ئێمەوە ئەم هەنگاوە مەبەستەكەی سیاسیی ئیستفزازیە و هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووریی نییە، بەڵكو سەرپێچیی خوودی دەستووری عیراق و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە شێوەیەك كە ماددەی(61) لە دەستووری عیراق تایبەتمەندی (اختصاصات)ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دیاریی كردووە بە (9) برگە بەم شێوەیەی خوارەوە:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم كارانە دەكات:
1- دەركردنی یاساكانی فیدراڵی.
2- چاودێریكردنی دەسەڵاتی راپەڕاندن (لە ماددەی 66 دیاریی كردووە كە مەبەستی دەسەلاتی راپەڕاندنی فیدرالییە).
3- هەلبژاردنی سەرۆككۆمار.
4- پەسەندكردن لەسەر پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.
5- رەزامەندی دەربڕین لەسەر دامەزراندنی سەرۆك و ئەندامانی دادگای تەمییزی فیدراڵ و سەرۆكی داواكاری گشتی و كۆمەڵێك فەرمانبەری پلەباڵای مەدەنی و سەربازی، كە لە برگەكانی(ب،ج) ئاماژەی پێكراوە.
6- لێپرسینەوە لە سەرۆككۆمار لە كاتی ئەنجامدانی تاوانە گەورەكان، وەكو (لادان لە سوێندی دەستووری، پێشێلكردنی دەستوور، خیانەتی گەورە (الخیانة العظمى).
7- لێپرسینەوە لە سەرۆك و ئەندامانی دەسەڵاتی راپەڕاندن.
8- لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆك و ئەندامانی دەسەڵاتی راپەڕاندن.
9- رەزامەندی دەربڕین لەسەر شەڕ و راگەیاندنی باری نائاسایی.
ئەمانەن “اختصاصات”ى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە (علی سبیل الحصر) هاتووە.
بەڵام قسەكردن لەسەر بارودۆخی پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی كە كارێكی نامۆراڵانەی سیاسییە، پێچەوانەی ئەو ماددە دەستوورییەشە كە ئاماژەمان پێكرد و هەر بریارێك لەم بارەیەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچوێنرێت، بڕیارێكی پووچەڵ (باطل)ە، چونكە پێچەوانەی دەستوورە. لە لایەكی ترەوە، خودی پەیرەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق هەمان دەقی دەستووریی ئاماژەپێكراو دارشتووەتەوە. بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین پێداچوونەوە بەو هەنگاوە چەوتە بكەن. لەلای خۆشمانەوە یادداشتێكی فەرمی سەبارەت ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران عیراق و ڕای گشتی دەكەین.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
2/5/2017