سەركردەیەكی باڵای جودا بووەوەی پەكەكە چەند نهێنیەك لەسەر پەكەكە ئاشكرا دەكات

خواكوڕك 

لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ گۆڤاری گوڵانی ئۆرگانی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەبوبەكر ئەتاچ سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەكەكە دەلێت،لە راستیدا دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە توركیا لە گۆشەنیگای بوونی پەكەكەوە لە ناوچەی شنگال و قەرەچوغ دەڕوانێت، دواتر توركیا خۆی لە نێو خۆدا گرفتارە و خوازیارە كێشە دروست بكات، چونكە توركیا دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێز بكات لەو گفتوگۆیانەدا كە بڕیارە لەگەڵ هەر یەكە لە رووسیا و ئەمەریكادا ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوە توركیا ماوەیەكە ئامادەكارییەكی زۆری كردووە بۆ هێرشێكی لەم چەشنە، بەڵام توركیا لەم رووەوە پێویستی بە پاساوێك هەیە، كە جێی داخە بوونی پەكەكە لە شنگال ئەو بیانووەی دایە دەستی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە. لەبەر ئەوە ئەگەر پەكەكە بە تێڕوانینێكی كوردانە لە مەسەلەكان دەڕوانێت، ئەوا هیچ پێویست ناكات لە شنگالدا بمێنێتەوە، بەڵام پەكەكە دێت و ئاژاوە و كێشە دروست دەكات بۆ ئەوەی برەو بە دەسەڵاتی خۆی بدات، ئەمە بێ ئەوەی ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت كە هەر بەشێكی كوردستان دۆخێكی جیاواز و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، راستە بە هەموویان كوردستان پێكدەهێنن، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، هەر بەشە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە پێویست ناكات پەكەكە لە باشووری كوردستان شەڕی دەسەڵات بكات، چونكە ئەمە كاریگەریی سلبی دەكاتەسەر تەبایی كورد و لەبری بەرەوپێشچوونی یەكڕیزی كورد ئەوا دەرئەنجامێكی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. ئەگەر پەكەكە پەرۆشی كوردایەتییە، ئەوا دەبێت دەستبداتە گفتوگۆیەكی هێمن لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی دیكەدا، بەڵام لەبری ئەوە دێت و تۆمەت دەبەخشێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی لێكترازاندن و لێكدوورخستنەوەی كورد لە یەكتری.

 

هەر لەبارەی كاتی سەربەخۆی كوردستان و هەنگاوەكانی بۆ ئەو مەبەستە و رێگریەكانی پەكەكە لە سەربەخۆی كوردستان ئەبوبەكر ئەتاچ دەشلێت”پەكەكە لە سەرەتای دروستبوونیدا بانگەشەی بۆ ئەوە دەكرد كە ئامانجی ئەوان دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆ و دیموكراسی و سۆشیالیستی و هاوبەشە و رزگاركردنی هەر چوار بەشەكەی كوردستان لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 30 ساڵ كار و كۆشش و خەباتی كرد و قوربانی دا، بەڵام دوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و رایگەیاند كە خوازیاری دروستكردنی دەوڵەت نییە، واتە پەكەكە كەوتە نێو بۆشاییەكەوە، لەبەرچی، لەبەر ئەوەی چیتر ئەو ئامانجە لە ئارادا نەما كە لە پێناویدا دروست بوو و درێژەی بە خەبات دا، لەوەش خراپتر ئێستا پەكەكە دێت و دژایەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكات، ئەمە لە كاتێكدا هەموو نەتەوەیەك – گەورە بێت یان بچووك- هەوڵی بەدەستهێنانی دەوڵەتی خۆی دەدات و مافی خۆشیەتی، كوردیش لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان بۆ ئەم ئامانجە خەبات و راپەڕینی كردووە. كەچی پەكەكە دەڵێت دروستبوونی دەوڵەت لەم رۆژگارەدا مومكین نییە و بانگەشە بۆ كۆنفیدراڵیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، باشە خۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە و دەوڵەتەكان، یان شكستیان هێناوە، یان بە راددەیەكی زۆر لاواز بوون، ئەی لەسەر چ بنەمایەك كۆنفیدراڵیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیاد دەنێیت؟ من پێموایە پەكەكە كاتێك خۆی نەتوانێت ئامانجێكی بەدی بێنێت، دێت و دژایەتی دەكات، ئەمەش هەڵەیە. چونكە لەم ساتەوەختەدا كوردستان بە هەل و مەرجێكی مێژووییدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی 100 ساڵدا ئەوا هەلێك رەخساوە كە پێویستە هەر كوردێك لە هەر بەشێكی كوردستاندا خەمی ئەوەی بێت دەوڵەتێكی كوردی دروست بێت، واتە ئەركی هەموو كوردێك ئەوەیە كە هەر كاتێك هەلی دروستبوونی دەوڵەت –ئیدی لە هەر بەشێكی كوردستان بێت- هاتەئاراوە، ئەوا هاوكاری بكات، نەك دژایەتی. بەڵام پەكەكە دێت و تەواو بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت دەكات. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پەكەكە شەڕ لە پێناوی چیدا دەكات؟ ئەگەر پەكەكە لە پێناوی دیموكراسیەتی كۆماری توركیادا دروست بووە و دژی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەوا پێویست بە شەڕ ناكات، بەڵام لە پشت ئەم پرسەوە ئێران هەیە، كە ئاشكراشە ئێستا ئەمەریكا ئێران بە سەرچاوەی كێشە و ئاژاوەكانی ناوچەكە دەزانێت، كەچی پەكەكە چۆتە نێو ئەم بەرەیەوە، ئەگەرنا پەكەكە خانەسۆر بگرێت، یان نا، چی بە پەكەكە دەبڕێ، ئایا پەكەكە دەوڵەتی لێ دروست دەكات، یان تەنیا بۆ دروستكردنی ئاژاوەیە؟.

 

ئەتاچ  لەبارەی پێشمەرگە دەلێت، لە راستیدا پێویستە پەكەكە پێش هەموو شت بزانێت گۆڕەپانی خەباتی ئەو باكووری كوردستانە و دەبێت سیاسەتێك بگرێتەبەر كە رەنگدانەوەی واقیعی ئەو ناوچەیە بێت، هەروەها دەبێت هەلومەرجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش لەبەرچاو بگرێت، چونكە ئاشكرایە لە ئێستادا رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ هاتۆتە ئاراوە و دەبێت كوردیش لەسەر بنەمای ئەو رەوشە نوێیە سیاسەتەكانی خۆی دابڕێژێتەوە، هەروەها دەشلێت، ئێمە با لە روانگەیەكی كوردانەوە پرسیاری ئەوە بكەین ئایا بەرژەوەندیی پەكەكە لە دژایەتیكردنی پێشمەرگە لەچیدایە؟ ئایا لاوازبوونی پێشمەرگە هیچ خزمەتێك بە پەكەكە دەگەیەنێت؟ بێگومان بەهێزبوونی باشووری كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە بەرژەوەندیی هەموو بەشەكانی كوردستانە بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها بەرەپێشچوونی رەوشی باشووری كوردستان رەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت لەسەر هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی كە ئێستا جیهان شایەتی ئازایەتی و فیداكاریی پێشمەرگەن. دواتر با ئێمە باسی ئەوە بكەین كە كۆبانێ لە سەروەختی كەوتندا بوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانی هێز رەوانەی كۆبانێ بكات و بەشدار بێت لە رزگاركردنی ئەو شارە و دواتر كشایەوە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم لە سەروەختی هێرشی داعشدا بۆ شنگال ئەگەر پەكەكە هاوكاری كردووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەدا، ئەوا كارێكی باشی كردووە، بەڵام نابێت لە ئێستادا پاساو و دەرفەت بۆ توركیا دروست بكات بۆ ئەوەی بێت و شنگال بۆردوومان بكات و بەهۆیەوە پێشمەرگەی كوردستان شەهید بێت، ئەمە كارێكی دروست نییە.

سەبارەی بە كوردانی ئێزیدیی هەروەها گوتی سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە كوردانی ئێزدی كارەساتی زۆریان بەسەردا هاتووە لە مێژووی خۆیاندا و دوایینیشیان ئەو كارەساتە بوو كە لەسەر دەستی داعش بەسەریاندا هات. دواتر ئەوەی پەیوەندی بە پرسیارەكەتانەوە هەیە، ئەوا من دەڵێم پێویست نەبوو پەكەكە بچێتە بەرەی ئێران و سووریا و حەشدی شەعبییەوە، بەڵكو دەبوو لە ریزی كوردایەتیدا بێت، چونكە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئێستا بە هەوڵ و خەباتی دوور و درێژی كورد و بە گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگە دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش، كە دەبێت هاوكار بین لە سەرخستنیدا، نەك دڵی دژومنان بە خۆمان خۆش بكەین.

 

لەبارەی دژایەتی پەكەكە بۆ سەربەخۆی كوردستان ئەبوبكر ئەتاچ دەلێت، لە راستیدا نەك هەر دژایەتیكردنی سەربەخۆییی كوردستان زیان بە كورد دەگەیەنێت، بەڵكو هەر بوونی دژایەتی لە نێو كورددا كارێكی زیانبەخشە و پێویستە كار بۆ نەهێشتنی بكرێت. دواتر مەلا مستەفا لە هەلومەرجێكی زۆر سەختتدا خەباتی كرد و هیوایەكی لای میللەتی كورد دروست كرد، ئەمە كارێكی زۆر گرینگ بوو. ئێمە دەبێت هاوكاریی یەكتر بكەین لە دژی ئەو كەسانەی كە دوژمنایەتیی كورد دەكەن، نەك بێین و یەكتری لاواز بكەین و ماڵی خۆمان وێران بكەین، خۆ ئەگەر پێشمەگەر قارەمانێتییەكی تۆمار كردووە، ئەوا دەبێت ستاییش بكرێت، نەك لە بەهای كەم بكەیتەوە، چونكە هەر كەسێك ئەم كارە بكات، ئەوا دوژمنایەتیی كورد دەكات. لە ئێستادا ئەركی هەمووان ئەوەیە كە هاوكار بین بۆ ئەوەی سوود لەو هەلومەرجە مێژووییە وەربگرین كە دروست بووە، هەورەها دەلێت من دەڵێم ئەگەر پەكەكە پارتێكی كوردی و كوردستانییە، ئەوا دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە رێگاچارەی سیاسی ئەم كێشەیە یەكلا بكرێتەوە، بە پێچەوانە ئەوا دەبێت پرسیار بكەین پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی چ لایەنێك ئامادەی چارەسەری ئاشتییانە نابێت بۆ بوونی ئەندام و چەكدارانیان لە شنگال و مەخموور، ئایا بۆ بەرژەوەندیی ئێران، عێراق و حەشدی شەعبییە؟
لەكوتایشدا ئەبوبكر ئەتاچ ئەمەش ئاشكرا دەكات لەبارەی بریاری بارزانی كە گوتی نابێت خوێنی كورد بەكورد برێژرێت چیتر، دەلێت لە راستیدا ئەو لێدوانەی سەرۆك مەسعوود بارزانی كە رایگەیاند رێگە نادەین خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، لێدوانێكی پڕ لە قەدر و قیمەتە، ئەم تێڕوانینە مایەی پێشخستن و رزگاركردن و سەربەخۆییی كوردە، بەڵام ئەگەر پەكەكە بە پێچەوانەوە رەفتار بكات، ئەوا باجەكەی دەدات، ئەمڕۆیش نەبێت لە ئایندەدا بە زیان بۆ خۆی دەشكێتەوە. چونكە ناكرێت لەمڕۆدا بێیت و تۆوی دوژمنایەتی لە نێو كورددا بچێنیت.

Back to top button