فازڵ میرانی: پارتی لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانە, بەڵام نەك بەو سەرۆكایەتییەی ئێستا
خواكوڕك
پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ئێستادا زۆرترین قسەو باسی لە بارەیەوە دەكرێت, سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان رایگەیاندووە كە حزبەكەی لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندایە، بەڵام ”نەك بەو سەرۆكایەتییەی ئێستای پەرلەمان“.
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی نووسینگەی تایبەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە میانی پێشوازیكردنی لە كین گرۆس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە داوە: ”گەلی كوردستان مافی خۆیەتی ھەنگاو بنێت و ئامادەكاری بكات بۆ ڕیفراندۆم و مافی چارەنووس، دوور لە توندوتیژی كە ئەمەش مافێكی سرووشتیی ھەموو گەلێكە و بە پشتبەستن بە یاساكانی نێودەوڵەتی و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، ئێمەی كورد وەكو ھەموو گەلێك مافی چارەنووس بە مافێكی ڕەوای خۆمان دەزانین وەك ھەموو گەلانی دونیا، ئەمەش نابێتە ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیی ھیچ وڵاتێك، بەڵكو دەبێتە چارەسەری زۆر كێشە و خۆشگوزەرانیی گەلانی ناوچەكە“.
هاوكات سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوە كردەوە كە پارتی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندا بووە، بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بێت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانیشەوە، بەڵام: ”نەك بەم دەستەی سەرۆكایەتییەی ئێستا“.