شازادەی جێنشینی سعوودیە: جەنگ دەگوازینەوە ناو ئێران
خواكوڕك
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، لە چاوپێكەوتنێكدا، بە كەناڵی فەرمی حكوومەتی سعوودیە رایگەیاند، وڵاتەكەیان لە دژی “هەوڵە پاوانخوازییەكانی ئێران” دەوەستێتەوە و هەڕەشەی ئەوەش دەدات، كە جەنگ دەگوازنەوە ناو ئێران.
شازادەی جێنشینی سعوودیە لە چاوپێكەوتنەكەدا، دووپاتیشی دەكاتەوە، ئەوان چاوەڕێ ناكەن كە جەنگ دەگاتە سعوودیە، بەڵكو كار لەسەر گواستنەوەی ئەو جەنگە دەكەن بۆ ناو ئێران.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی نێوان سعوودیە و ئێران رایگەیاند، سعوودیە كێشەی لەگەڵ هەر وڵاتێكدا هەبووبێت بە گفتوگۆ چارەسەریكردووە، بەڵام هەرچی ئێرانە، دەیەوێت “وەسیەتەكانی خومەینی بۆ چەسپاندنی ئایینزای شیعەی جەعفەری بچەسپێنێت”، گوایە رێگە بۆ هاتنی “مەهدی مونتەزیر” خۆشدەكەن، بۆیە هیچ گفتوگۆیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەگەڵ ئەو جۆرە بیركردنەوەیەدا ناچێتە سەر.
شازادەی جێنشین ئێرانی بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر وەسفكرد و رایگەیاند، هیچ خاڵێكی هاوبەش لە نێوان ریاز و تاراندا نییە و ئێران لەسەر بنەمای توندوتیژی و پشتیوانیكردنی تیرۆر دامەزراوە.