مه‌سروور بارزانی: بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ر به‌خۆمان بین

خواكوڕك

مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ر به‌خۆمان بین، نابێت سه‌ر به‌ هیچ لایه‌كی دیكه‌ بین” له‌ باره‌ی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ گوتی: ئێمه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ئاماده‌ین په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش گوتی: له‌و پرۆسه‌یه‌ پاشه‌كشێ ناكه‌ین و به‌ قسه‌ی ئه‌وانه‌ ناكه‌ین كه‌ دژی ریفراندۆمن.
له‌ وتارێكدا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بۆ پشتگیریی له‌ ریفراندۆم، كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سروور بارزانی باسی له‌ گرنگی سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی: “نابێت ئێمه‌ چاومان له‌وه‌ ‌بێت كه‌ هه‌ر پاشكۆ بین، یان خه‌ڵكی دیكه‌ حوكمڕانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا بكات، كه‌سێك ناتوانێت چاوی له‌ پۆستی وڵاتێكی دیكه‌ بێت و بێت لێره‌ رێنماییمان بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
مه‌سروور بارزانی, جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوای به‌ سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، ده‌بێت ئێمه‌ پێش هه‌موو كه‌سێك ئه‌و بڕوایه‌مان له‌لا درووست بێت، كه‌ ئه‌وه‌ مافێكی سرووشتی ئێمه‌یه‌، ئه‌مه‌ مافێكه‌ خوا به‌ ئێمه‌ی داوه”.
گوتیشی: “خه‌ڵكێك نه‌یانه‌وێ ریفراندۆم بكه‌ین و بیانوو بدۆزنه‌وه‌ له‌ شێواز و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ قسه‌ی ئه‌وان ناكه‌ین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ و نه‌ په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌، ئه‌و ریفراندۆمه‌ش له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت”.
هه‌روه‌ها گوتی: “ئینجا ئێمه‌ ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره‌ بین ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ مافی خۆمان خۆشنابین و به‌هیچ شتێك له‌وه‌ی كه‌ یه‌كسان بین له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا، ئێمه‌ ئاماده‌ نین له‌وه‌ كه‌متر رازی بین”.
له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان, زیاتر روونیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و پرسه‌ زامنی داهاتووی كورد ده‌كات و گوتی: “بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی یا بابه‌تی سیاده‌ی وڵات گرنگه‌ بۆ پاراستنی ئایینده‌ی هه‌م وڵاته‌كه‌مان، هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی خاوه‌نی سیاده‌ بین، خاوه‌نی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بین، ئه‌و وه‌خته‌ به‌ حوكمی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌ده‌خولكردن له‌ كوردستان قابیلی قه‌بووڵ نییه‌. به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا به‌شێكین له‌ حكوومه‌تێكی دیكه‌، كه‌ خۆی نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو پێویست سیاده‌ی خۆی بپارێزێت و له‌ هه‌موو لایه‌ك ته‌ده‌خولی ئیش و كاره‌كانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نایانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین”.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش مه‌سروور بارزانی گوتی: “قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئایا بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئێمه‌ پێویستمان به‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌، جارێ ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ باس بكه‌م، ئێمه‌ وه‌كو پارتی، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، دژی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌بووین و نین، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌، به‌ڵام چ جۆره‌ په‌رله‌مانێك، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانێك، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت بڕیاربدات، نابێت ببێته‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبێك و به‌ناوی په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حزبێك ئیش بكات، ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین”.
هه‌روه‌ها گوتی: “سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت میلله‌ته‌ پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێمانخۆشه‌ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش قسه‌ی پێویست كراوه‌ و پێشنیاریش هه‌بووه‌ و تاووتوێی ئه‌و پێشنیارانه‌ش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هیچ شێوازێك ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین، بۆ رازیكردنی حزبێكی سیاسی یان چه‌ند كه‌سێك، یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسی به‌ینی دوو حزب و سێ حزب، ئیتر په‌رله‌مان و داهاتوو و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میلله‌ته‌كه‌مان بخرێته‌ ژێر پرسیار و وه‌لا بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ته‌ركیز له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ته‌سكی حزبی بكرێت، ئێمه‌ ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین پێمانوایه‌ پێش هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئارادایه”.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی گوت: “پێش هه‌موو شتێك، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ده‌وێ، به‌ په‌رله‌مانتاره‌كان بڵێین، كه‌ فعله‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ باسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن با په‌رله‌مان كارابكه‌ینه‌وه‌، په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌، بابێن ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی ریفراندۆم یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ ئێمه‌ له‌مڕۆوه‌ ئاماده‌ین په‌رله‌مان به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ كارابكرێته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام په‌رله‌مان ته‌نیا له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی چاره‌سه‌ر بكات و دوایی ببێت به‌ ئاسته‌نگ بۆ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان پێمانوانییه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌و پرسه‌دا بێت و بتوانێت سه‌ركه‌وتووش بێت”.

Back to top button