پەیامێك لە مەلابەختیار و هێرۆ ئیبراهیم لە بارەی ریفراندۆم ‌و سەربەخۆیی كوردستانەوە

خواكوڕك
لەگەڵ بەرەو پێشڤەچوونی هەنگاوەكانی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان, سەركردەی حزبە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان, لە دیدارو پەیامەكانیان دا باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لە سەربەخۆیی كوردستان دەكاتەوە وەك مافێكی گەلی كوردستان و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: “كورد جگە لە گشتپرسی هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە”.

بەپێی میدیاكانی یەكێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-5-2017 هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ د.دیژو تاماس پرۆفیسۆر لە بواری شوێنەوارناسی و زانستی سریان لە زانكۆی ئوتڤش لۆراند و شتاینەر تیبۆر راوێژكاری‌ سەربازیی‌ لەكۆنسوڵخانەی‌ هەنگاریا لەهەرێمی‌ كوردستان و وەفدی یاوەری كۆبووەوە و لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ، ئەمنیی ، ئابووریی ، رەوشی‌ ئاوارەكان و ئەنجامدانی گشتپرسی لەكوردستان تاوتوێكرا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە دیدارەكەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لەباشوری‌ كوردستان و ئامادەكارییەكان و‌ چۆنیەتی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە گوتی: “سەربەخۆیی‌ مافێكی‌ رەوا و دیموكراتییانەی‌ گەلی‌ كوردستانە و لەو پێناوەشدا یەكێتی‌ لەخەباتی‌ سیاسی‌ و دیموكراسی‌ و ئاشتییانەی‌ بەردەوام دەبێت”.
هەروەها لە دیدارێكی دیكەدا مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ شاندە هەنگارییەكەدا رایگەیاند: “دەوڵەتی عیراق كە(96) ساڵە دامەزراوەو كورد سەرجەم حكومەتەكانی تاقیكردۆتەوە، هەر لە پاشایەتی، كۆماریی، ناسیونالیستی، فیدراڵی بەدەسەڵاتی شیعەوە، بەڵام لەكۆی ئەو (96) ساڵە، هێشتا نەتوانراوە عیراق ببێتە نیشتمانێك بۆ هەمووان، كە لەرووی مەدەنییەوە هەموان شانازی پێوە بكەین؟! “.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە پرسیاری ئەوەی بۆ سریلانكا دەبێت بەیەكێك لەوڵاتە خۆشگوزەرانەكانی جیهان؟ بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشە دەكات؟ بۆ مافی گشتپرسی دەدرێت بە سكوتلاند و بە كیوبیكەكان كە چی جیابوونەوە؟ گوتی: “وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیە، كە دیموكراسی هەیە. بەڵام لەعیراق دیموكراسی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی عیراق، كولتوورمان، فەرهەنگمان، سایكۆلۆجییەتمان، مێژوومان و شەهیدەكمانیشمان جیاوازن، ئیتر چۆن دەتوانین پێكەوە بۆ دیموكراسی بژین؟!”.
مەلا بەختیار هەروەها لە شاندە هەنگارییەكەی پرسیوە ، ئەوروپا، دەیەوێت كورد لەوە زیاتر بەرگە بگرین؟! وڵاتەكەی ئێوە شەش مانگ بەرگەی ئاوارەكانی نەگرت و ریفراندۆمی بۆ كردن، كە ئایا وەریان بگرێت یان نا؟ بەڵام كورد (96) ساڵە بەرگە دەگرێ‌، هێشتا ناتوانین ریفراندۆم بكەین؟! .
لە درێژكەی قسەكانیدا لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە: “ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و ئەنجوومەنی ئاسایش گرەنتیمان دەدەنێ ‌‌و خۆیان سەرپەرشتی دەكەن، ئەم وڵاتە دوای (5 یان 10) ساڵی دیكە دەبێت بەدیموكراسی، ئەوا رەنگە كورد واز لەریفراندۆم بهێنێت! بەڵام هەمووان دەزانین نە گرەنتی هەیە و نە ئەم وڵاتەش تازە لەم ساڵانە دەبێ‌ بە دیموكراسی”.
تەنیا رێگەی چارەسەر بەگوتەی مەلابەختیار گشتپرسییە ، ئەو دەڵێت: “ئایا دەبێ‌ ئیتر كورد چاوەڕێی قەدەر بكات، یان ئەلتەرناتیڤمان هەبێت؟ چونكە ناتوانین لەبەرامبەر ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتووە، چیتر بەبێ‌ بەرنامە و ستراتیژی چاوەڕێی رووداوەكان بكەین! بۆیە كورد جگە لەریفراندۆم هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە”.
بەپێی میدیاكانی یەكێتی شاندە هەنگارییەیەكە بە مەلا بەختیار -یان راگەیاندووە: “ئێمە هەستدەكەین ئەم جێگەیەی كە ئێمەی لێین، كە كوردستانە، پێویستی بەدەوڵەتێكی بەهێزە و ئەمەش بۆ هەموومان باشە. چونكە بەدڵنیاییەوە دەتوانێت ئاشتی لەناوچەكە بۆ هەموولایەك بهێنێتەدی، هەروەكو چۆن لەماوەی رابردوودا ئەوەمان بینیوە”.
شاندە هەنگارییەكە هەروەها هەڵوێستی وڵاتەكەیان لەبارەی گشتپرسی خستەڕوو و رایانگەیاند: “هەنگاریا لەم كاتەدا گشتپرسی بە باشی دەبینێت بۆ گەلی كورد، چونكە هەمیشە گەڕانەوە بۆ رای گشتی خەڵك، بەگرنگ دەزانین”.

Back to top button