تڕانزێدی سەربازی “ئیران” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

محەمەد سەلیم مزووری
بەهاری “عەرەب”ـی، توانی بگۆڕێکی خێرابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوقطەی ئینطیڵاقی گشتێکی فراوان و داوایەکی جەماعی سەرتاسەری بێت لە ناوچەکە.
تیۆرسین و ئەکادیمیستەکان و نوخبەی ڕۆشنفکر و بیرباشەکانی “عەرەب” بەهاری “عەرەب”ـی، بە جەوهەری گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن.
کێشەی ڕاوەستانی شۆڕش و پەکخستنی ئەووە بوو ، کە بەشێکی وڵاتان لایان وابوو شۆڕش “ثورة” فعلێکی تەقلیدییە و هیچ زەمینەیەکی پێویست نییە و دەتوانرێت شانۆیەکی سەرتاسەری بێت و لە گشت شوێنێک و زەمەنێک توانای بەرجەستەبوونی خۆی هەیە.
سیاسەتڤان و گەورە نووسەری میصر “محمد حسنین هیکل” لە بارەی شۆڕش و گۆڕانی سیستەم و لەدایک بوونی دەوڵەتێکی نوێ و بە فعلی شۆڕشێک دەڵێت:- شۆڕش بە سروشتی خۆی ڕووداوێکی لە پڕە ، لەو کاتەدا کە شۆڕش دەبێتە دروست بوونی دەوڵەت پێویستە ئەو کەسانەی کە پێشتر لەگەڵ شۆڕشدا مامەڵەیان کردبوو سەرلەنوێ چاوێک بخشێننەوە بە بارودۆخ و بابەتەکاندا و لەوە تێبگەن کە یاسایەکی نوێ هەیە توانای هەیە بە زەبری هێز بەسەر بارودۆخەکەدا خۆی زاڵ بکات.
“سوریا” بووە دیوارێک لە بەرامبەر شۆڕش و توانی ئەو هێزە هێواش هێواش لاواز بکات کە ڕووحی شۆڕش و شۆڕشگێڕی تێیدا بەرجەستە ببوو ، “ئیران” خاوەنی چەند بکەرێکی دەرەکییە و هەر جارەو بە شێوەیەک و بە جۆرێکی جیاواز یاری بە کارەکتەرانی خۆی دەکات لە ناوچەکە و بۆ فراوانبوون و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی وڵات بەکارییان دێنێت.
دەسەڵاتدارە کڕاوەکان و سوپا بەکرێگیراوەکان بوونە پاشکۆی دەوڵەتێکی فاشیست و دژی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەستانەووە. “ئیران” لە ڕێگەی “سوریا”وە، توانی پەیامێکی توند و پڕ کێشە بدات بە گوێی جیهان ، دەستگرتن بەسەر چوار پایتەخت لە ناوچەکە و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک جومگەی حەساس لە ناوچەکە وایکرد ڕووحی شۆڕش و دەنگی ئازادی تا ڕادەیەکی زۆر بکوژێتەوە.
“ئیران” خاووەنی سیاسەتێکی نەگۆڕە لە بەرامبەر دژبەرانی لە ناوچەکە. هەناردەکردنی ئیسلامی سیاسی بۆ دەرەوە و بڵاوکردنەووەی لە ناوچەکە وایکرد “ئیران” ببێتە ستڕاکچەر و بوونیەی هێزی ئیسلامی سیاسی و لە ڕیزبەندی یەکەمی داکۆکیکار لە بوونی هێزگەلی ئیسلامی تووندڕۆ لە ناوچەکە خۆی نمایش دەکات.
ئێستا دۆخی ناوچەکە لە کوڵانێکی سەرتاسەری دایە ، حلفە بەهێزەکانی “ئیران” کەوتوونەتە لوعبەی جیاواز لەگەڵ وڵاتە هەرێمییەکان و هەندێک کارەکتەری هەرێمی نوێ لە ناوچەکە توانیویانە بوونی “ئیران” لە ناوچەکە لاواز بکەن. ئێستا تڕانزێدە زەمینیەکەی “ئیران” تووشی پچڕانێکی درێژ بووە و جیۆگرافیای هەژموونەکەی لاواز بووە ، گروپ و ڕێکخراوەکانی نزیک لێی گەیشتوونەتە حاڵەتێک ناتوانن بەرنامەی “ئیران” جێبەجێ بکەن و شەلەل بوونە لە بەرامبەر دۆخی ناوچەکە.
ئێستا زێدەتر لە هەمووکات زەمینەی ئەووە ڕەخساوە بۆ ئەوەی ئەو دەستە تیرۆرستە لە ناوچەکە ببڕدرێت کە جیهان بە دەعمی تیرۆر و مانەوەی جەنگ پێناسی دەکات.

Back to top button