پەیوەندی دیموكراسی بە پرۆسەى دەوڵەتسازیەوە
یاد سرێشمەیی
كورد لە ئێستادا لەسەرەتای كۆتا دەرفەتی دوای سەتساڵ لە دابەشكاری خاكەكەیەتی بۆ سەربەخۆی, كە جگە لەوەی لە ماوەی بیستو چەند ساڵی خۆبەڕێوەبەری توانی نمونەی هەرێمێكی فرەڕەنگی ئیتنیكی و دینی و سیاسی و تا ئاستێكی زۆر دیموكراسی پیشان بەجیهان بدات, ئەوا كەنارێكی ئارامی نێو ئەو ناوچە پڕلە كێشانەیە كە پێكهاتە جیاوازەكان ناتوانن تێیدا ئازادانە خۆیان بلڤینن, ئەمەش چ لەبەر تیرۆر بێت كە لەودیو سنوری كوردستان فابریكەی بەرهەم هێنانی تۆڕو تەیاری تیرۆریسی بووە, چ لەبەر ئەو دەسەڵاتە زولمدۆستانەی ناوچەكە بووبێت كە بواریان بۆ ئازادی تاك بەتەنها نا بەڵكو پێكهاتە دینی و نەتەوەیەكانی دیكە نەهێشتۆتەوە.
هەڵبەتە دیموكراسی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان سەرباری لەمپەرە سێنتڕالیەكانی بەغدا بۆ كۆی پرۆسەی سیاسیو ئابووریەكەی, ئەگەر بەراوردی بكەین بە دیموكراسی لەگەڵ, ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردابەشكراوە, یان وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا بە بەلًگەی راپۆرتە نێو دەوڵەتیەكان سەقفی دیموكراسی لێرە گەلێك بەرزتربووە لەهی ئەوان, ئەم نمونەیە بەسە بۆ وڵاتانی دونیا بەتایبەت ئەو 33 وڵاتەی كە كونسولخانەو نوێنەرایەتیان لە هەولێرە كە تێبگەن بەڵی كورد توانای پراكتیزەكردنی دیموكراسی و خۆبەڕێوەبردنیان هەیە, بێگومان تێشگەیشتوون لەوەی بۆیە رۆژانە بەبەردەوام شاندی جیهانی ئاراستەیان لە هەولێرە, دەی ئەگەر دیموكراسی لەژێر پرسیار بوایە كوان ئەو راپۆرتانەی كە لەبارەی خراپی ئەدای سیاسی و بەرێوەبردنی كوردستان لە لایەن كونسولخانەكان بڵاوكراونەتەوە, ئەمەش مانای ئەوە نیە كە دیموكراسیەكی بێخەوشمان هەیە.
ئێستا كە كوردستان لە نێو پرۆسەی دەوڵەتسازیدایە بێگومان دەرفەتگەلێك و ئاستەنگی زۆری لە پێشە كە بەدیراسەكردنی ورد دەكرێت كەلك لە دەرفەتەكان وەر بگیرێت وبەسەر ئاستەنگەكانیدا زاڵبین, ئەمە لە كاتێكدا دەرفەتەكانی سەركەوتنی پرۆسەكە چەندجار لە بەربەستەكانی بەردەممان زیاترن, بەڵام دەسەبەركردنی مسۆگەری بۆ سەركەوتن لە وەڵانانی ئاستەنگەكانەوە دەبێت دەستپێبككرێت كە بارزانی بە بۆمبی بەردەم سەربەخۆی كوردستان ناوی بردوون, كە بەشێك لەو بۆمبانە كورد لە ناوخۆی خۆیان دەستیان لە دانانەوەیان هەیە, ناسازی گوتاری سیاسی حزبە كوردستانیەكان دەرخەری ئەم راستیەن, رەنگە بەشێكیشی پەیوەندی بە كوشتنی كاتەوە هەبێت, چونكە هەموو دەرفەتێك بە كاتێكی دیاركراودا تێپەڕدەبێت.
بوونی پالپشتیەكی گەورەی مرۆیی بۆ سەربەخۆی و كێشانەوەی سنوری كوردستان بەخوێن و جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دوواخاڵی سنوری باشوری كوردستانو راچاندنی رایەلەیەكی سیاسی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی جیهان وهەڵوەشانەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت (سووریا – عێراق)و سەربەخۆی ئابووری كوردستانو گۆڕانكاری لە سیاسەتی چەند وڵاتێكی ناوچەكە بەرامبەر بە كورد و بوونی سوپایەكی بەهێزی وەك پێشمەرگە, و پشتگیری نێودەوڵەتی لە ئاستە جیاوازەكان, دەرفەتگەلێكن كە ئێستا كورد ئاسانتر دەگەیەننە ئەو جێگایەیی كە هەوڵی بۆدەدات.
لەبەرامبەریدا ناجۆری پەیوەندیە ناوخۆییەكانی كوردستانو, بوونی بەرژەوەندی چەند حزبێك لەگەڵ چەند وڵاتێكی نەیار بەسەربەخۆی كوردستانو, ناحاڵی بوونی سیاسی چەند حزبێك لە دەرفەتە بۆهاتوە پێشەكان و بەستینەوەیان بەكێشە كەلەكە بووەكانی ناوخۆی كوردستان كەراستەوخۆ لەدوای دروستكردنی دەوڵەت ئەو كێشانە بە هۆی نەمانی شەرعیەتی یاسای و نێودەوڵەتی كاڵدەبنەوە, ئەو بۆمبانەی بەردەم كاروانی سەربەخۆی كوردستانن كە رێكەوتووەو گەڕانەوەی بۆنیە.
لەبەرداشی درەفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی دەوڵەتسازی كوردستان لە هەمووی گرنگتر سەركردەی كارێزماو خاوەن توانای بڕیاردانی گەرەكە, كە لە ئێستادا وجودی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی كردنی كاروانی سەربەخۆی كوردستان, دەرفەتی بۆ گومان لەسەركەوتن نەهێشتۆتەوە.