ئێف بی ئای قانع فەردی بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئێران دەستگیر كرد

خواكوڕك 

پەیامنێری بەشی كوردی لە دەنگی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك ئاشكرای كرد  بە پشتبەستن بە زانیاری لێپرسراوێکی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا (FBI) ڕایگەیاندووە “عیرفان قانعی‌فەرد” یەکێک لە دەست و پەیوەندی و سیخوڕەکانی سوپای قودسی سەر بە ئێران لە ئەمریکا دەستگیر کراوە”.

شاهید عەلەوی هەروەها رایگەیاندووە، “یەکێک لە ئەندامانی پۆلیسی فدراڵی ئەمریکا بە مەرجی نەدرکاندنی ناوی لەگەڵی قسەی کردووە و پشتڕاستی کردووەتەوە (عیرفان قانعی‌فەرد) بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ سوپای قودس و سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن (FBI)ەوە دەستگیر و ئێستا لە گرتنگە دایە”.
لەبارەی ڕێکەوتی دەستگیرکرانی قانعی فەردەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە نووسیویە “ڕێکەوتی 2017/3/3 بەهۆی سەفەری نایاسایی و هەڵگرتنی بۆ ئەمریکا و (ڤیزەی ساختە) لەو وڵاتە لەڕێگەی سنووری خاکیی مەکزیکەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی پەنابەرانی ئەمریکاوە دەستگیركراوە و دواتر ڕادەستی (ئێف بی ئای) کراوە”.
هەتا ئێستا و سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستگیرکرانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.

 

 

Back to top button