ریفراندۆم بۆچی دەكەین؟
گومان خستنە سەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەرنامە و هەڵوێستی ئەحزابەوە، مەترسیدارترین ئەو هەنگاوانەن وەك كۆسپ دێنە بەردەم پرسی نەتەوە و مافی پێكهاتە و دواتریش رێگرتن لە ئیرادە و خواست و پیادەكردنی هەقی سروشتی خەڵك، چونكە ئەو پرۆسەیە دەتوانێ خواست و بڕیار و ئەجندای حزبەكانیش تێپەڕێنێ و خەڵك راستەوخۆ بەشداری بكات بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی و ئیداری خۆی و وڵاتەكەی.
بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا هاتە پێش كە كوردستان نایەوێ وەك كیانێكی كەنارخستووی بێ ئیرادە لە نێو عێراقێكی ناتەریب و ناسەقامگیر بمێنێتەوە. هەروەها ریفراندۆ بڕیاردانە لە بەدیهێنانی مافەكانی خۆی كە بە كوشتن و زوڵم و كیمیاباران و ئەنفالكردن لێی سەندراوە.لەمێژوودا بەتایبەت دوای وێرانكارییەكانی شەڕ (جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم) لە نزیك ئێمە(وەك كورد)، زۆر بوون ئەو گەلانەی چ بەهۆی خەباتی خۆیان و چ لە رێگای راگەیاندنی سەربەخۆییەوە وڵات و كیانی خۆیان دامەزراند، مومارەسەی ئەم مافەش بەپێی هەموو رێكەوتنامە و یاسا نێودەوڵەتییەكان جێگیراوە، راگەیاندنی دەوڵەت بۆ هەر نەتەوەیەك مافێكی سروشتی هەر میللەتێكە و دژ بە هیچ پرەنسیپ و گەل و میللەتێك نییە، بەڵكو هەموو یاسا و رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان پێداگیری لەسەر ئەم مافە دەكەن، بەشێوەیەكی گشتی بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنوسین بە ریفراندۆم رەچاوی ئازادی و مافی هەموو مییلەت و نەتەوەكانی دیكە دەكات..
كورد لە هەرێمی كوردستانی ئێستادا مێژوویەكی پڕ لە قوربانی هەیە بۆ ئەوەی بگات بە مافەكانی، دیسان مێژوویەكی پڕتری هەیە بۆ پێكەوەژیان و مانەوە لە عێراق و دەستخستنی ئەو مافانەی شیاون بۆ هەموو پێكهاتەكان، بەڵام پێكهاتەكانی تری عێراق بەتایبەت سووننەی باڵادەستی 30 ساڵی رابردوو و شیعەی باڵا دەستی 14 ساڵی ئێستا هیچێك ئەو مافانەی كورد نەسەلماندووە، بەڵكو كۆسپ و رێگریشی بۆ دروست كردووە، راستە عێراق خاوەن دەستورێكە و بەپێی مادە و بڕگەكانی هەموو ئەرك و ئیمتیازات و بەرژەوەندییەكانی كوردی لە نێو دەستورەكەدا دیاریكراوە، بەڵام كام لەو مادانە جێبەجێ كراون؟!، ئاخۆ دەستوری عێراق چ بایەخێكی ماوە؟!، تاكو ئێستا كێ پابەند بووە بەو دەستورە؟!.
لە 2005 لێژنەی ریفراندۆم، لێژنەیەكی مەحەلی و ناحكومی و گروپێكی رۆشنبیر و سیاسی و كوردپەروەر، بۆ زانینی رای خەڵك و زانینی ئاستی بەشداربووان و متمانە و بڕوای خەڵك بە سەربەخۆیی، راپرسیەكی نافەرمی ئەنجامدا، واتا لە دەرەوەی بنكەكانی دەنگدان سندوقی تایبەت بە ریفراندۆم و وەرگرتنی رای خەڵك دانا، لە ئەنجامدا بە زۆرینەی 90 % بەسەرەوە ئەو خواستەی هەبوو لەگەڵ عێراق نەمێنێتەوە و خاوەن سەربەخۆیی بین، بەڵام ئەم راپرسیە هێزێكی یاسایی ئەوتۆی نەبوو تا كاری پێ بكرێ، واتا هیچ مەرعەجێكی قانوونی و دەستوری لەپشتەوە نەبووە بەڵكو تەنها بۆ زانینی رای خەڵك بوو..
بەپێی بڕیاری سەركردایەتی كورد، بەتایبەتی پێداگیری سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامدانی رایفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا و وەرگرتنی را و بۆچوونی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و حزبییەكانەوە، تا ئایندەی ئەم هەرێمە یەكلایی بێتەوە،ریفراندۆم باشترین رێگەیە، راستە هیچ وڵاتێك ناتوانێ (بۆی نییە) پێشوەختە و راستەو خۆ پشتگیری لە دەوڵەت بوونی كوردستان بكات، بەڵام تاكو ئێستا هیچ وڵاتێكی زل هێز و كاریگەر دژی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان نەوەستاوە، بەڵكو بەمافێكی سروشتی خەڵكی كوردستانی دەزانن.
ئینجا هەر كاتێك كورد لە رێگەی رایفراندۆمەوە بڕیاری خۆیدا، ئەو كات وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێز لەم بڕیاریە كورد دەگرێ و وەكو پێویست مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، چوونكە كورد دەیەوێ لە چوارچێوەی ئەم ریفراندۆمە كارتێكی لەبەردەست بێ لە ئاستی نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنە و بێ پشتیوانی نەبێتەوە، بەڵكو بەم بڕیارە (جا مانەوە بێ یا جیابوونەوە) بە هەموو دونیا بگوترێ ئێمە خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین و نابین بە تەرەف لەو ناكۆكی و ململانێی جیهانی و هەرێمایەتیە، ریفراندۆم بۆ ئەوە ئەنجامدەدەین بگەین بە مەبەست و ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی بەتایبەتی لە ئێستای عێراقدا كە هیچ بنەما و رووناكیەكی تێدا نەماوە بۆ پێكەوەژیان و شەراكەتی پێكهاتەكان نەك لاواز بووە، بگرە هیچ جۆرێك لە تابایی و هاوسەنگی تێدا نەماوە، كەواتە ئێمە وەك كوردستان دەبێ بەم ریفراندۆمە بڕیارێك بدەین جیهان رابكێشین بۆ كرۆكی پرسەكانی كورد و دەرفەتی ئێستایش بكەین بە دەسكەوتێك تا بەشێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ هەموو پێكهاتە و وڵاتانی ناوچەكە بژین و خۆمان لەو وڵاتە دەرباز بكەین كە هیچی بۆ كورد تێدا نەماوە.