بە توندی وەڵامی نووری مالیكی دەدرێتەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرۆكی حزبی دەعوە لە كۆنگرەی شێخە عەرەبەكان لەبابڵ لەگەڵ چەند سەرۆك عەشیرەتێك ئاماژە بەوە دەكات كە پارچەكردنی عێراق و هەڕەشەكردن لە یەكپارچەیی عێراق هێڵی سوورە، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتیش دەڵێت: بائەو هێڵە سوورە لە پشت حەمرینەوە دابنێت”.
لە كۆنگرەی شێخ و عەشایەرەكانی پارێزگای بابلدا، نووری مالیكی، سەرۆكی حزبی دەعوە، رایدەگەیەنێت، كەس بۆی نییە هەڕەشە لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكات و هێڵی سوورە و نابێت كەس دەست بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق ببات”.
لە بەرامبەریدا سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان رایدەگەیەنێت: “نووری مالیكی دەتوانێت بە هێز و قوەتی خۆی پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكات، دیارە ئەو خێری لە یەكپارچەیی عێراق بینوە، ئەگەر پێشی وا بێت دابەشكردنی عێراق هێڵی سوورە، دەتوانێت ئەم یاسایە لە پشت حەمرینەوە جێبەجێ بكات، ئەگەر نا لە هەرێمی كوردستان یاسا و خەڵك و ویستی خەڵك دەیخوات، نەك قسەی نووری مالیكی، بۆیە كوردستان پەشیمان نابێتەوە لە بڕیاری چارەنووسساز بۆ ڕیفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی” .
ئەوەشی خستەڕوو، دیارە نووری مالیكی لە خۆی نەپرسیوە هەرێمی كورستان بۆچی بڕیاری خۆی لە داهاتووی عێراق دەدات؟ ئەگەر هات و وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە، ئەوكاتە مافی ئەوەی هەیە هێڵی سوور بۆ خەڵك دیاری بكات”.
ئەو سەركردەیەی پارتی لە درێژەدا دەشڵێت: “دەبێ سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق كە وەك مالیكی بیر دەكەنەوە، لەوە تێ بگەن جارێكی دیكە ناتوانن ڕێگری لە بڕیاری گەلی كوردستان بكەن”.

Back to top button