یەكێتی لەبارەی هەڵمەتەكەی گۆڕان دژی مەسرور بارزانی نیگەرانی دەردەبڕێت

خواكوڕ

دوای ئەوەی مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش لە كەرنەڤالێكی تایبەت بە پشتگیری كردن لە ریفراندۆم كە یەكێتی قوتابیانی كوردستان رێكیان خستبوو, لە بارەی ریفراندۆم وتارێكی پێشكەشكرد, بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگا ی میدیاكانیان هەڕەشەی توندیان كردە سەر راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش, سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەرنامە، بێڕێزی بەرامبەر بە سەركردەكانی كورد و سیمبولە نەتەوەییەكان دەكەن.
لەبارەی هێرشەكانی میدیایی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەر ئەمسەركردەیەیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێباز بێركۆتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە: ”ئەم هەڵمەتانە نەك خزمەت بە پرۆسەكە ناكات، بەڵكو ئەم گفتوگۆ و دایەلۆگ و لێكنزیكبوونەوانەش كە لە كوردستان دروست بووە، پەك دەخات“.

هاوكات ڕەخنەشی لە میدیاكانی گۆڕان گرت بەوەی كە ”هەندێك لەو بەڕێزانە“لە ئەتەكێتی ڕۆژنامەوانی و پرەنسیپەكانی كەسانی سیاسیش دەردەچن، چونكە ”دەبێت ڕاگەیاندنەكان بە زمانێك بێنە گۆ كە مەقبول بێت، نەك بە هەڕەشە و گوڕەشە و بە شێوازێك كە خزمەت نەك بە پرۆسەكە نەكات، بەڵكو ئەو دەستپێشخەری و هەوڵی خێر و برایەتییانەش دوا دەخات یاخود تەگەرەی بۆ دروست دەكات“.

ڕێباز بێركۆتی جەختی لەوە كردەوە: ”گۆڕان دەستیان نەپاراستووە، ئەمە مەسەلەیەكی بەرنامەداڕێژراوە، هەموو سیمبولەكانی كوردستان، خەڵكی نیشتمانی و نەتەوەیی، سەركردە باڵاكانی حزبەكان، تەنانەت بەرامبەر بەو سەركردانەی كە لە ژیانیشدا نەماون، شێوازێكیان بەكار هێنا كە بێڕێزییەكی زۆر دروست بوو، ئەمە هانی خەڵكی گەنج و سۆسیال میدیاشی داوە كە ڕێزێك بۆ كەسانی سیاسی و تێكۆشەرانی سەردەمی خەبات نەهێڵنەوە“.

بە بڕوای ئەو سەركردەیەی یەكێتی، تۆمەت بەخشینەوە بە شتی خراپ و ئەو هەڵمەتانە، هیچیان بە ئەنجام ناگەن. گوتیشی: ”نەتیجەكەش دەری خستووە كە ئەوان بە ڕاگەیاندنی خراپ و زمانی زبر هیچ ئەنجامیان نەبووە، كەناڵی KNN، هەموو شتێكیان پێشێل كردووە، بەشێكی زۆری بنەماكانی ڕاگەیاندنیان پێشێل كردووە، بۆیە پێموایە ئەم هەڵمەتانە هەمووی لە ئەنجامی ئەوەیە كە بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون و پەیامەكانیان بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتووە، بۆیە پەلاماری خەڵكی تێكۆشەر و ئەو كەسانە دەدەن“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەو هەڵمەتانەی لە میدیای گۆڕانەوە دەكرێت، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حزبەكەیە و ”هەر دەزگایەكی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبێك، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حزبەكەیە“.

Back to top button