داواكاری گشتیی سلێمانی: دۆسیەی چوار هەزار بندیواری سلێمانیمان بەدەستەوەیە
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیێنرا, ئێستا كاری بۆدەكرێت, ئەندامێكی داواكاری سلێمانی باس لەوە دەكات سێ هەزار كەسیان لەسەر زێدەڕۆیی داوەتە دادگا و چوار هەزار دۆسیەیی موچەخۆری بندیواریان لە ژێر دەستدایە.
بەختیار عەلی حەمەئەمین ئەندامی داواكاری گشتیی سلێمانی رایگەیاندووە:” ئێمە پێش ئەو پرۆسە چاكسازییەی هەیە سكاڵای یاساییمان لەسەر گەندەڵی و زێدەڕۆیییەكانی سلێمانی جووڵاندووە و پێمان وایە تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەشداری ئەو پرۆسەیە بكەین كە سكاڵاكان بجووڵێنین و كەسەكانمان داوەتە دادگا، بەڵام لە بوونی گۆڕانكاری لە حكوومەت و چاكسازیی كارگێڕیی رۆڵمان نەدراوەتێ، پێمان وایە ئەگەر نیازێكی راستەقینە هەبێت بۆ ئەو پرۆسە چاكسازییانەی هەیە لە كوردستاندا، پێویستە ئەوانەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە بچنە بەردەم دادگا و ئامادە بن.
لە بارەی ەو ژمارەیەی كە گوایە لە ماوەی یەكساڵ سێ هەزار كەسیان داوەتە دادگا, ئەو داواكاری گشتیەیی سلێمانی دەلێت:”بەڵی، لەسەر زێدەڕۆیی لە سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار كەس دراونەتە دادگا، بەڵام ئەوە تەنیا هی ماوەی ساڵێك نییە، بەڵكو زیاترە و جیا لەوانەش ئێستە بە بەڵگەوە لامانە چوار هەزار كەس مووچەی بندیواریان هەیە و سەرجەم ئەوانە رەوانەی دادگا كراون و لەسەر یەكە بەیەكەیان سكاڵا تۆمار كراوە. لە پاڵ هەموو ئەوانەشدا كۆمەڵێك كەیسی تر هەیە لە داواكاری گشتیی سلێمانی كە كەیسی نەوت و پاڵاوگەی نایاسایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و چەند بابەتێكی ترن، زۆربەی ئەوانەیشی زێدەڕۆیی دەكەن لە سلێمانی، كەسی حزبین یان كەسانێكن پێشتر لە پۆستی حكوومەتدا بوون.
لەبارەی زێدە رۆیەكانی سەر مولكی گشتی دەلێت:” چەندان كۆمپانیا هەن ، بەڵام ئەو كۆمپانیایانە پێشتر بەپێی رێنوێنی و یاسای دەستەی وەبەرهێنان ئەو كارانەیان كردووە و هەر كۆمپانیایەك بەبێ ناوهێنانی هەر كێشەیەكی یاسایی هەبووبێت، داومانەتە دادگا.