دواین نامەی تاڵەبانی بۆ سەرۆك بارزانی ئاشكرا دەبێت

خواكوڕك 

نامەیەكی مام جەلال تالەبانی سەرۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەبێت كە تێیدا لەسەر پرسی لێ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی داوا لێبوردن دەكات لە بارزانی و دەلێت بەدڵی گەورەی خۆت لێمان ببورە”.

لەنامەكەدا كە تاڵەبانی بۆ سەرۆكی بارزانی ناردوویەتی دەلێت، گریمان گلەییەکەی جەنابت لەمەوزوعی مالکی راست و رەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم “بە برایەتیمانی ببەخشە، بەوچاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسرەوە” عفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران”.

دەقی نامەكەی تاڵەبانی بۆ سەرۆك بارزانی 

برای خۆشەویستم جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەڕێز
سڵاوێکی برایانەی گەرم
جەژنتان پیرۆزبێت لە خۆتان و بنەماڵەی سەروەریی بارزان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی پ . د . ک .
ئەم نامەیەم هەم بە نیمچە گلەیی برایانەو هەم بە داوای لێ بوردنی برایانە لێ وەربگرن.
براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەک نایەڵم تێکبچێت. کە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!
ئێستاش کورتییەکەی و کوردییەکەی ئەمەیە.
گریمان گلەییەکەی جەنابت لەمەوزوعی مالکی راست و رەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم “بە برایەتیمانی ببەخشە، بەوچاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسرەوە” عفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران، ئەم بەیتە شیعرەشم لێ قبووڵ بکە کە بۆ شێخی تەم نوسراوە:
حەیفە چاوی کە جەفا کولەوژی تیدا شکاند
تۆ بە کلوچی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی

ئیتر هیوادارم لەناو دڵە گەورەکەتان جێگەمان هەر بمێنێت و
هەربژی بۆ
برای دڵسۆز و هەتا سەرتان
مام جەلال

Back to top button