نێچیرڤان بارزانی بزانە هیواخوازی چی لەنێوان كوردستان و باشوری ئەفریكا هەبێت 

خواكوڕك 

ماڵپەری سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەواڵێكدا ئاماژەی بە پێشوازی كردنی نێچیرڤان بارزانی داوە لە بالیۆزی باشووری ئەفریكا و ئاشكرا كردووە،  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9-5-2017  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ جۆن دێڤیس، باڵیۆزی باشووری ئا‌فریكا له‌ شانشینی ئوردن و شاندێكی یاوه‌ری كرد”.

هەر لەهەواڵەكەدا هاتووە، له‌ دیدارێكدا  دێڤیس خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ زۆر شتی له‌سه‌ر كوردستان و قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رامبه‌ر دیكتاتۆری و تیرۆر بیستووه‌ كه‌ بۆته‌ سیمبولی به‌رگریكردن له‌ مرۆڤایه‌تی.

هەروەها جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆی ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاسایش و پێشكه‌وتن له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانێكی قورس، توانیویانه‌ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌مه‌شی بۆ خواستی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی گه‌ڕانده‌وه‌، هەورەها” دووپاتیشی كرده‌وه‌ وه‌ك باشووری ئا‌فریكا، سه‌رمایه‌دار و بزنسمانانی خۆیان هان ده‌ده‌ن بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن، چونكه‌ ده‌رفه‌تێكی زۆر باش له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا هه‌رچه‌نده‌ باڵیۆزخانه‌یان له‌ به‌غدا نییه‌، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانه‌كانیان بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام بێت”.

لەهەواڵەكەی مالپەری سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاتووە، لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا هه‌بێت و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و باشووری ئافریكا گه‌شه‌یه‌كی باش به‌خۆیه‌وه‌ ببینیێت و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.

پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد و هیوای خواست سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌رانی باشووری ئافریكا سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رگرن و بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، هەروەها تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی دژی تیرۆر و چۆنیه‌تیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button