كتێبەكەی سەڵاح ڕەشید

چاودێرێك
لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال ئەو دەرفەتە بۆ خەڵكی بێ وەفا و هەڵپەرستی دەوروبەری ڕەخسا بە بێ گوێدانی پێگە و مەنزەلەت و ماندووبوونی ئەو پیاوە، بە جۆرها شێوە ئیستغلالی جەستەی نەخۆشی بكەن. كتێبەكەی سەڵاح ڕەشیدیش بەردەوامیدانە بە زنجیرەی بەكارهێنانی مام جەلال بۆ مەرامی سیاسی و خێزانی چەند كەسێك.
كتێبەكەی سەڵاح ڕەشید چاپ كرا و بڵاو كرایەوە بە بێ ئەوەی مۆڵەتی جەنابی مام جەلالی لەسەر بێت، لە كتێبەكەدا شوێن و كاتی چاوپێكەوتنەكانی مام جەلال و دانەری كتێبەكە دیار نییە. نەخۆشییەكەی ئەو فورسەتی بە داڕێژەرانی كتێبەكەدا چۆنیان پێ باش بێ و چۆن مەبەستیان بێ وتەكانی بشێوێنن و دایڕێژنەوە و لەم ڕێگەیەوە مێژوو بشێوێنن و خاڵی سیاسی بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە و تێكۆشەرانی ناو یەكێتی و خەڵكی تریش ئازار بدەن. ئەمە ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتییە دەرهەق مام جەلال و كەوادیر و لایەنگرانی یەكێتی دەكرێت. پرسیار ئەوەیە دەبێ گوێ لە كام مام جەلال بگرین؟ مام جەلالی حەقیقی یان ئەو مام جەلالەی كە نەخۆشە و ڕێزی ناگیرێ و بەداخەوە بەكار دەهێنرێ؟

بەشێكی گرنگی ئەو كتێبە گێڕانەوەی مام جەلالە لەبارەی بارزانیی نەمر و كۆمەڵێك شتی وای وەخۆ گرتووە كە تەنیا لە خەیاڵی ئەو كەسانەدایە كە لە پشتەوەی نووسینەوەی كتێبەكەن. ئێمە دەزانین كە مەبەست لێی ئیستفزازكردنی پارتی و نیشتیمانپەروەرانی نێو یەكێتی و نانەوەی كێشە و گرفتی زیاترە لە تەوقیتێكی گرنگ و چارەنووسسازی وەك ئەمڕۆ، بەڵام ئەوەیش زۆر بە باشی دەزانین كە داڕێژەرانی كتێبەكە كە مۆڵەتیان لە مام وەرنەگرتووە هیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەستدا نییە كە سەلمێنەری ئەوە بێت قسەكان هی مام جەلالن. بەڵام خەڵكی تر بەڵگەی لەبەردەسته كە دەرخەری ڕاو و بۆچوونی ڕاستەقینەیەی مام جەلالە لەبارەی بارزانیی نەمر و خەڵكی تر. ئەگەریش مەبەست گەڕانەوە بۆ مێژوو و هەڵدانەوەی پەڕەكانی مێژوو و ڕوون كردنەوەی حەقائقە ئەوە بەڵگە زۆرن و هەر كات بە پێویست بزانرێ بڵاو دەكرێنەوە و كەسێكی وەك سەڵاح ڕەشیدیش كە زۆری حەز لە شایەتی و ڕووناكیە و هاندراوە كە زوڵم لە مام جەلال و ئەمانەتداری بكات، با لای خۆی تۆماری بكات. جگە لەوەیش بایێ ئەوەندە دەنگ و ڕەنگی مام جەلال چ لەسەر مەزاری نەمران و چ لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكان مەوجودە بۆ ئەوەی بزانین ڕای مام جەلال لەبارەی بارزانیی نەمر چییە.

ئەمەی خوارەوەیش نامەی سەرۆك مام جەلالە بۆ سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2012 ئەو كاتەی كە لە بەرلین بووە. ئەمە حەقیقەتی بۆچوونی مام جەلالە لەبارەی بارزانی و بنەماڵە خەباتگێڕەكەیان و با كەس خۆی ماندوو نەكات و چیتر ستەم لە مام جەلال و مێژووییەكەی نەكات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌كه‌ی مام جه‌لاله‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی:

برای خۆشەویستم جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەڕێز
سڵاوێکی برایانەی گەرم
جەژنتان پیرۆزبێت لە خۆتانو بنەماڵەی سەروەریی بارزان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی پ . د . ک .
ئەم نامەیەم هەم بە نیمچە گلەیی برایانەو هەم بە داوای لێ بوردنی برایانە لێ وەربگرن.
براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەک نایەڵم تێکبچێت. کە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!
ئێستاش کورتییەکەی و کوردییەکەی ئەمەیە.
گریمان گلەییەکەی جەنابت لەمەوزوعی مالکی راست و رەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم “بە برایەتیمانی ببەخشە، بەوچاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسرەوە” عفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران، ئەم بەیتە شیعرەشم لێ قبووڵ بکە کە بۆ شێخی تەم نوسراوە:
حەیفە چاوی کە جەفا کولەوژی تیدا شکاند
تۆ بە کلوچی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی

ئیتر هیوادارم لەناو دڵە گەورەکەتان جێگەمان هەر بمێنێت و
هەربژی بۆ
برای دڵسۆز و هەتا سەرتان
مام جەلال

Back to top button