دیسانەوە چوار فراكسیۆنەكەی لە بەغدا نمایشیان كرد
خواكوڕك
هەر چوار فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیان ساز كردوو تێیدا رایانگەیاند كە ئەوان سكالا تۆمار دەكەن لەسەر حكومەتی بەغدا بەهۆی پایەند نەبوونی عێراق بەنەدانی بودجەی كوردستان و ئەندام پەرلەمانێكی پارتیش دەلێت تەنها موزایەدەیە، چەواشەكاری خەڵكە”.
چوار فراكسیۆنەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا رایانگەیاند، سكاڵایەكیان لەدادگای فیدراڵی لەسەر بودجەی عیراق تۆمار كردوە، هەروەها گوتوویانە، سكاڵاكەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی مادەی 9ی یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراقە، كە رێگا بە حكومەتی بەغدا دەدات بە پاساوی پابەندنەبونی حكومەتی هەرێمەوە بودجە بۆ هەرێم نەنێرێت راشیان گەیاندووە: هیچ مادەیەك لە دەستوردا نییە رێگە بە بڕینی بەشە بودجەو موچەی پارێزگایەك یان هەرێمێكی عیراق بدات.
هەرلەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی بەغدا رایگەیاند ئەوەی ئەو فراكسیۆنانە كردوویانە، جگە لە موزایەدەی سیاسی هیچ شتێكی تری تێدا نییە و هەوڵەكەشیان هیچ دەرەنجامێكی نابێت، بۆیە ئەوان لەو هەنگاوەدا وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڵیان نەبوون،ئەوەشی روونكردەوە، لە مانگی ١٢دا چەندان جار داوایان لە فراكسیۆنەكان كرد هەڵویستیان هەبێت بەرامبەر پەرلەمان، بەڵام جگە لە جێگری فراكسیۆنی یەكێتی، كەس گوێی لە داواكارییەكەیان نەگرت.
شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی، لەوە دڵنیان كە حكوومەتی عێراق مافەكانی پێشمەرگە خەرج ناكات و ئەو هەوڵانەش تەنیا بۆ شەقامە و موزایەدەی سیاسییە. ئەو دەڵێت كاتی خۆی سوننەكان یەكدەنگ بوون، توانییان هەندێك شت لە بودجەدا بچەسپێنن، بەڵام ئەو كاتەی كە پێویست بوو كورد یەكگرتوو بێت، یەكگرتوو نەبوون، بۆیە ئێستە كار لە كار ترازاوە و ئەو هەوڵانە هیچ ئەنجامێكیان نابێت.