پۆسته‌كه‌ى سه‌ردار قادر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ دووبه‌ره‌ دابه‌ش ده‌كات

خواکوڕک
بڕیاره‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى (سه‌ردار قادر ) كه‌سێكى تر دابنێت و بۆچوونى جیاوازیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ نێو جڤاتى نیشتیمانى دروست ده‌بێت .
ڕۆژى 2ى5ى 2017 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا (سه‌ردار قادر ) ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پۆسته‌كه‌ى ڕاگه‌یاند ، ئه‌وه‌ش به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌سه‌لاتى نییه‌و داهاتى سلێمانى دیار نییه‌ و بوجه‌ى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ .
سه‌باره‌ت به‌ جێگرتنه‌وه‌ى كه‌سێكى تر له‌ شوێنى ( سه‌ردار قادر ) هه‌ڵسوڕاوێكى بالاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ ئاماده‌نه‌بوو ناوى بهێنرێت به‌ (خواكوڕك ) راگه‌یاند ” به‌م نزیكانه‌ جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆران كۆده‌بێته‌وه‌و بڕیار له‌ سه‌ر دانانى كه‌سێك بۆ شوێنه‌كه‌ى سه‌دار قادر بڕیارى لێده‌درێت “.
هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵسوراوه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاشكراشى كرد “كه‌ له‌ ناو جڤاتى نیشتیمانیدا دوو بۆچوونى جیاواز دروست بووه‌ ، بۆچوونێك له‌گه‌ڵ دیاریكردنى كه‌سێكى ترن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى سلێمانى و بۆچونه‌كه‌ى تریش له‌گه‌ڵ دیاریكردنى كه‌سدا نین چونكه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نابێت و ڕێگرى لێ ده‌كرێت “.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ (خواكوڕك ) زانیویه‌تى كه‌ گفتوگۆو كۆبونه‌وه‌كان له‌ نێوخۆى گۆران به‌رده‌وامه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا ڕوبه‌روى بزوتنه‌وه‌كه‌یان بووه‌ته‌وه‌ ، هاوكات ژورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆرانیش به‌ شوێن دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌كى یاسایین بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى سلێمانى .

Back to top button