شکۆ و شایەنی مام جەلال لە نامەیەکیدا بۆ کاک مەسعود

 

ئاسۆ حاجی

 

کە مام جەلال کارکردنی لەگەڵ کاک مەسعود هەڵبژارد و هەردووکیان بەرژەوەندی نشتیمانیان وەسەر بەرژەوەندی حزبی هێخست، ئەوە تەنازولکردن نەبوو بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەک نەیارانی چیڕۆکی لەو شێوەیەیان بۆ دەهۆنیەوە، مام جەلال کە خاوەنی میرات و مێژووێکە لە تێکۆشان و خەبات، لە نێویشیدا تا کرا و تا سەر ئێسقان تژی دژایەتی و هەوڵدانە بۆ لە سڕینەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوانەی گومانیان خستە سەر کەسایەتی مام جەلال بە لادان لە خەتی جەلالیەت تۆمەتباریان دەکرد و ئیشتاش تۆمەتباری دەکەن.

بە دڵنیایەوە مام جەلال لە ژن و کوڕ و برازا و هاوڕێکانی باشتر دەیتوانی بەرامبەر بە پارتی عیناد بێ و ئازایانەتریش ئەوەی کرد، مام جەلال یەکەمین هاواری نارەزایی بووە لە نێو مێژووی سەد ساڵەی ڕابردووی گەلی کورد کە لە شۆڕش و سەرۆکەکەی یاخی ببێ و بەرەنگاری ببێتەوە و کۆتاییشی نەهاتبێ و تا ئەمڕۆش کە بەخۆی نەساغە بیروتێڕوانینە سیاسیەکانی لەلایەن هەزاران کەس بە پیرۆزی تەماشا دەکرێن و شوێنەکەشی چەندین کەس شەڕی لە سەر دەکەن بەڵام بەژنیان نایگاتێ و وەک شمشێرە ئەفسانەیەکەی پاشا ئارسەری بەریتانیا هێشتا کەسێک پەیدا نەبووە لە ناو ئەو بەردەی وەک نیشانەی شکۆمەندی و دەسەڵات و شایەن دەرینهێنن.

مام جەلال لە نامەیەکدا کە ڕەنگە هەندێک لە پارتیەکان بەر لە گۆڕان و ئەو یەکێتیانەی بە گوومانەوە تەماشای هەڵوێستەکانی مام و ڕابردووی خۆیان دەکەن وا لێکبدرێتەوە کە کۆتاییەکەی بە تەنازولکردن بۆ پارتی بووە، ڕەنگە باشترین نموونە لە ناو ئەو نامانەی مام جەلال بۆ کاک مەسعودی ناردووە ئەوە بێت کە هەم گلەیی لە کاک مەسعود دەکا و هەمیش داوای لێبووردنی لێدەکات لە سەر پشتگیری کردنی مالیکی، لێرە بە پیویستی دەزانم دەقی نامەکە وەک خۆی بنووسمەوە :”برای خۆشەویستم جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەڕێز

سڵاوێکی برایانەی گەرم

جەژنتان پیرۆزبێت لە خۆتانو بنەماڵەی سەروەریی بارزان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی پ . د . ک .

ئەم نامەیەم هەم بە نیمچە گلەیی برایانەو هەم بە داوای لێ بوردنی برایانە لێ وەربگرن.

براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەک نایەڵم تێکبچێت. کە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!

ئێستاش کورتییەکەی و کوردییەکەی ئەمەیە.

گریمان گلەییەکەی جەنابت لەمەوزوعی مالکی راست و رەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم “بە برایەتیمانی ببەخشە، بەوچاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسرەوە” عفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران، ئەم بەیتە شیعرەشم لێ قبووڵ بکە کە بۆ شێخی تەم نوسراوە:

حەیفە چاوی کە جەفا کولەوژی تیدا شکاند

تۆ بە کلوچی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی

ئیتر هیوادارم لەناو دڵە گەورەکەتان جێگەمان هەر بمێنێت و

هەربژی بۆ

برای دڵسۆز و هەتا سەرتان

مام جەلال”.

لەو نامەیەدا بە تەواوی شکۆ و گەورەیی مام جەلال وەدیار دەکەوێت، لەو تەمەنە و لەو پایەدا کە یەکەمین کوردی سەرۆک کۆماری عێڕاقە بەو زمان و هەستە برایەتیانە و بەو وشانە ئەو ساردیە نەهێلێت کە دوژمنانی کورد هۆکاری دروست بوونی بوونە لە هەمان کاتدا هاریکاری کاک مەسعودیش دەکات کە نەچێتە ژێر باری توڕەیی و لە بەر هەڵویستێک کە دوژمنان قازانجیان لێی کردووە، قازانجەکەیان بۆ نەکاتە دوو قات و لە بەرامبەریشدا زیان بە یەکڕیزی کورد بگەیەنێ.

لەو نامەیدا ئەوەش وەدیاردەکەوێت کە مام جەلال لە هەموو کەس زیاتر پەرۆشی پاراستن و جێبەجێکردنی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیە، لەوەش زیاتر دەتوانین بڕۆین و ڕاستیەکی نەگووتراو هەست پێبکەین کە مام جەلال ئەندازیاری ئەو ڕیکەوتنە بووە و بۆیەشە تەنانەت ڕێگە بە کاک مەسعودیش نادات پەکیبخات یان لە جێبەجێکردنیدا سارد ببێتەوە.

هەموو ئەوانە گەورەیی و زانایی و پەرۆشی پیاوێک دەگێڕنەوە کە مەبەستی خزمەتکردنی میللەتەکەی بووە بە هەموو شێوەیەک، ئەگەر بۆ میللەتەکەی باشتر بووبێت داوای لێبوردن بکات ئەوە کردوویەتی و ئەگەر بۆ میللەتەکەشی باش بووبێت گلەیی بکات ئەوە بێ دوو دڵی کردوویەتی.

Back to top button