سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن: بە پشت بەستن بە مادەی 1ی ساڵی 2009 ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان نیە
خواكوڕك
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان، هەندرێن محەمەد ساڵح دەلێت پشبەست بە یاسای 1ی ساڵی 2009 كە لە پەرلەمان دەرچووە و 8 جار هەموار و ئەپدێت كراوەتەوە پێویستیان بەوە نییە پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسایەكیان بۆ دەربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ریفراندۆم هەروەها دەلێت ئێمە وەكو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان لە سێ لایەنی دارایی و كارگێڕی و هونەرییەوە دەبێت خۆمان ئامادە بكەین، وەكو لایەنی دارایی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یاخود بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم داوای بودجەیەكی خەمڵێنراومان كردبوو، كە نزیكەی 20 ملیۆن دۆلارە و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆمان دابین كراوە، لە رووی كارگێڕیشەوە سەرجەم ستافی ئۆرگانەكانمان بە كارمەندانی ئۆفیسی سەرەكی و شارەكانیشەوە هەر هەمووی دامەزراون و دەستبەكار بوون و ئامادەن، لە كۆتایی هەفتەی رابردوویشدا بۆ لایەنی هونەری تیمێكمان ناردە بەغدا بۆ هێنانی تۆمارنامەی دەنگدەران كە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی فیدڕاڵە و هەر كە گەیشتە لامان راستەوخۆ دەست بە نوێكردنەوەی تۆمارنامەی دەنگدەران دەكەین، لەلایەكی ترەوە لە ئێستاوە سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی پێشكەوتووین بۆ رۆژی دەنگدان تاوەكو دەنگەكان بەئاسانی و بە ماوەیەكی كەم هەژمار بكرێت و بە زوویی دەرئەنجامی ریفراندۆمەكە رابگەیەنین.”
سەرۆكی كۆمسیۆنەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەشلێت “راستە كۆمسیۆنەكە تازەیە و هەندێك كار و خۆئامادەكردنمان پێویستە، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەین ئەوا بە تەئكید لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ و سەرەتای مانگی 10 دەتوانین ریفراندۆم ئەنجام بدەین و هیچ كێشەی بودجەو تەكنیكی و كارگێڕیمان نابێت، چونكە بودجە و توانای كارگێڕی و تەكنیكیمان ئامادەیە، ئێستا چاوەڕوانین بە فەرمی بڕیار بدرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئێمەش بەپێی یاسا پابەندین و ئامادەین جێبەجێی دەكەین و ئەو 5 مانگەی لەبەردەستماندایە كاتێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی هەموو كارەكانمان.”
لەبارەی ئەوەیشەوە کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە هەموو كوردستانی عێراق هەڵبژاردن یان ریفراندۆم ئەنجام بدات؟، سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە هەفتەنامەی گوڵانی راگەیاندووە، “بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014ی كۆمسیۆنەكەمان كە تێیدا هاتووە: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بەرپرسە لە ئەنجامدان و رێكخستنی هەموو هەڵبژاردن و ریفراندۆمێك لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق بە هەموو ناوچەكانی كوردستانەوە كە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە و كێشە لەسەرن، ئێمە چاوەڕوانی هاتنی ئەو بڕیارەین كە تێیدا ئەو سنوورە جوگرافیاییەی بۆمان دیاری دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، تێیدا چەند بڕگەیەكی یاسایی لە بڕیارەكەدا هەیە یەكێك لەو بڕگانە سنووری جوگرافیاكەیە كە دەبێت كاری لەسەر بكەین.”
لە وەڵامی ئەوەشدا کە ئەگەر حكوومەت داوایان لێبكات هەڵبژاردن، یان ریفراندۆم ئەنجام بدەن، جارێكی دیكە پێویستیان بەوەیە كە پەرلەمان یاسایان بۆ دەربكات، یان بە پشتبەستن بە یاسای کۆمسیۆن كارەكە ئەنجام دەدەن؟، گوتی “نەخێر؛ پێویستمان بەوە نییە پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسایەكمان بۆ دەربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ریفراندۆم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەگوێرەی یاسای 1ی ساڵی 2009 كە لە پەرلەمان دەرچووەو 8 جار هەموار و ئەپدێت كراوەتەوە، ئەوا ئێمەش وەك كۆمسیۆن پابەندین بەو یاسایە و هەڵبژاردن و ریفراندۆم بەپێی ئەم یاسایە جێبەجێ دەكەین. هەروەها مەرج نییە بۆ ئەمجۆرە ریفراندۆمانە بڕیار لە پەرلەمان دەربچێت، لە دنیایشدا هیچ بابەتێكی لەمجۆرە نییە، ئیتر بۆچی ریفراندۆم دوا بخرێت؟ چونكە ئەم ریفراندۆمە بۆ دەستوور و پەسەندكردنی دەستوور نییە تاوەكو پەرلەمان بڕیاری بۆ بدات، بۆیە دەبێت لە دەسەڵاتە جێبەجێكارەكانەوە ئەو بڕیارانە دەربچێت و ئێمەش وەكو كۆمسیۆن جێبەجێی دەكەین. لەلایەكی ترەوە ئەو ریفراندۆمەی ئێمە بڕیارە ئەنجامی بدەین، ریفراندۆمێكی ئیختیارییە و ریفراندۆم لەسەر دەستوور یا چەسپاندنی یاسایەك نییە، بۆیە پێویست ناكات هیچ یاسایەكی لەپەرلەمانەوە بۆ دەربكرێت، ئەم پرسە پێویستی بە بڕیاریكە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكارەوە، ئەوجا ئەم بڕیارە لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، یا هەر لایەنێكی تری دەسەڵاتی جێبەجێكارەوە بێت و داوابكات كە ریفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەوا كۆمسێۆن راستەوخۆ ئامادەیە كارو ئیشەكان بكات و ریفراندۆمەكە ئەنجام بدرێت. لەهیچ وڵاتێكی دنیا نەبووە ریفراندۆمێكی ئارەزوومەندانە یاسای بۆ دەربكرێت، تەحەددای هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانە دەكەم كە دەڵێن دەبێت ریفراندۆمە ئیختیارییەكان یاسای لەپەرلەمان بۆ دەربكرێت با بێن نموونەیەكمان پێ بڵێن. كۆمسیۆنی باڵا، لە هەر سێ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكارو دادوەریی سەربەخۆیە، هەروەكو چۆن سەربەخۆیە لە بڕیاردان دوور لە حزبەكان و وەكو دامەزراوەیەكی سەربەخۆی پڕۆڤیشناڵ كاردەكات و بەپێی یاسا دەسەڵاتی پێدراوە هەموو راپرسی و هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق ئەنجامبدات، بەو پێیەی پەرلەمان نوێنەری هەموو حزبەكان و لایەنەكانی تێدایە واتا كۆمسیۆنەكە رەزامەندی هەموولایەنە سیاسییەكان و نوێنەری نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان و حزبەكانی لەسەر دروست بووە.”
کۆمسیۆن لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەكو رێكخراوەكانی UN و رێكخراوی ئەمەریكایی SOD كە لە بواری پەرەپێدانی دیموكراتی كاردەكات، هەروەها لەگەڵ كۆنسووڵخانەكانی وڵاتانی بیانی پەیوەندیی باشی هەیە و وەک هەندرێن ساڵح دەڵێ، “هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و كۆنسووڵخانە و باڵیۆزی وڵاتانی بیانی لە مەسەلەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان تەدەخولیان نەكردووە و ئەمە بە مافێكی رەوای گەلی كوردستان دەزانن.”
روونیشی كردەوە “لە ئەتەكێتی سیاسیدا رێكخراوی نێودەوڵەتی و كۆنسووڵخانە و باڵیۆزی وڵاتانی بیانی ئەو دەسەڵاتەیان نییە بڵێن ئێمە بەو ریفراندۆمە رازی نین، لەبەر ئەوەی ئەمە پرۆسەیەكی چارەنووسسازی نەتەوەیەكە، كاتێكیش پرۆسەكە ئەنجام درا و دەرئەنجام 1+50% دەرچوو، هەروەكو چۆن لە هەموو عورفی ریفراندۆمەكانی دنیا وایە راستەوخۆ دەبێت دامەزراوەكان دروست بكرێنەوە و بڕیاری سیاسی بۆ راگەیاندنی دەوڵەت و سەربەخۆیی بدرێت، ئەوكات دەوڵەت رادەگەیەندرێت و هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی دەوڵەتی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لەو كاتەدا دامەزراوەكانیش بە پەرلەمانەوە دەبنە دامەزراوە و پەرلەمانی كۆماری كوردستان، یا دەوڵەتی كوردستان یا هەر ناوێكی دیكە كە بۆی دادەنرێت. ئەوكات چەمكەكان لە بری هەرێم دەبێتە دەوڵەت.”