مەلا بەختیار: ریفراندۆم واتا راپرسی گشتی تەنها حكومەت ئەو دەسەڵاتەی هەیە بكات نەك حزب

خواكوڕك 

لەمیانی گوتارێكی دا لەكۆرێكی گشتی بۆ راپرسی مەلا بەختیار كارگێری مەكتەبی سیاسی دەلێت”ئێمەش راپرسی لەنێو میللەت دەکەین بۆ ئەوەی ئەو میللەتە پێمان بڵێت ئایا سەربەخۆیی کوردستانی دەوێت یان نایەوێت، ئێمە لێرەوە بە ئاشکرا دەیڵێن ئەگەر زۆرینەی خەڵک قبووڵی نەکرد کوردستان سەربەخۆ بێت نە یەکێتی و نە پارتی و نە هیچ لایەک ناتوانین بە زۆری و زۆردارەکی بڵێین ئێمە دەبێت سەربەخۆ بین، بەڵکو دەبێت بۆ چەندان ساڵ واز لەو پرسە بهێنین تاوەکو میللەتەکەمان پەروەردە دەکەینەوە”.

هەروەها دەشلێت”پێیوایە عێراق بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت رێگە لەوە بگرێت راپرسی ئەنجام بدەین و ئاماژە بەوە دەدات، “عێراق کە بەخۆی دەڵێت لانکەی شارستانییەت، کاکە ناڵێین لانکەی شارستانیەت بە، دەڵێین دەوڵەتێکی مەعقوڵ بە، دەوڵەتێک بە هەر هیچ نەبێت قبووڵی ئەوە بکە ئێمە رای میللەتەکەی خۆمان وەربگرین، بڕیار بەدەست خۆتە قبووڵت نییە دەستوور جێبەجێ ببێت ئەی قبووڵیشت نییە ئێمە سەرکردایەتی سیاسی ئەم میللەتە رای میللەتەکەی خۆمان وەربگرین، واتە تۆ لەبری ئێمە بڕیار دەدەیت، حکومەتی عێراق بە چ حەقێک لەبری ئێمە بڕیار دەدات، خۆ ئێمە نەچووینە لە بەسرە راپرسی بکەین، ئێمە لە شوێنێک راپرسی دەکەین کە پێی دەڵێن باشووری کوردستان، بۆیە حکومەتی عێراقی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت رێگە لە ئێمە بگرێت راپرسی ئەنجام بدەین، ئەوەی دەیڵێ ئەوە شەڕ فرۆشتنە، شەڕفرۆشتنە بە یاسا و دیموکراسی”.

كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەشلێت هێشتا حکومەتی عێراقی دەیەوێت بە پاساوی یاسایی بەوەی دەستوور رێگە نادات، ئێمە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ریفراندۆم بکەین، رێگە لەوە بگرێت ریفراندۆم بکەین، مەسەلەی ریفراندۆم، مەسەلەیەکی نەتەوەییە، مەسەلەیەکە پەیوەندی بە پرۆسەی دیموکراسییەوە هەیە مافی تاک و گشتییە بۆیە مادام بنچینەی دەستوور دیموکراسییە، کەواتە ئێمەش بۆمان هەیە سوود لە دەستوور وەربگرین بۆ ئەوەی مافەکانی خۆمان لەناو دەستوور بەو شێوەیەی کە دەگونجێت و باشە لە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسی ریفراندۆم ئەنجام دەدەین”.

مەلا بەختیار،گوتیشی”خۆزگە لەبری ئەوەی حکومەتی عێراقی پاساو دەهێنێتەوە، کە گوایە دەستوور رێگەمان نادات ئێمە ریفراندۆم لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجام بدەین، خۆزگە 10 ساڵ لەمەوبەر ماددەی 140ی جێبەجێ بکردایە و کەرکووک و خانەقین و شنگال ناوچەکانی دیکەی کێشە لەسەر بهاتنایە سەر کوردستان، یان لە دوا بڕگەی ماددەی 140 کە راپرسییە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەگەر راپرسی لەسەر دوابڕگەی ماددەی 140ی دەستوور بکرایە ئەوکاتە بۆ حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و رای گشتی، عەرەب و تورکمان و بۆ هەموو لایەک دەردەکەوت ئایا زۆرینەی میللەتەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوەیە ئەو ناوچانە بێتەوە سەر کوردستان یان نا”.

مەلا بەختیار سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم  ئەوە دەخاتەڕوو کە “ریفراندۆم واتە راپرسی گشتی، راپرسی گشتی لە کوێ؟ حیزب دەتوانێت راپرسی گشتی لەنیو حیزبەکەی خۆیدا بکات، رێکخراوێک دەتوانێت راپرسی گشتی لەنێو رێکخراوەکەی خۆیدا بکات، بێگومان حکومەتیش دەتوانێت راپرسی گشتی لەنێو میللەتەکەیدا بکات، ئەم راپرسییە بۆچییە؟ بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە وەڵامی پرسیارەکاندا کە بۆی دەستنیشان دەکرێت بڵێت من لەگەڵ کام پرسم، رام لەگەڵ کام بڕیاردایە، راپرسی بۆ ئەوەیە بۆ هیچی دیکە نییە”.

 

 

 

Back to top button