پەكەكە: كچانی بەشە ناوەخۆیەكانی سلێمانی بەبێ شەرەف و لەشفرۆشن ناو دەبات
خواكوڕك
هاوسەرۆكی پارتێكی سەر بە پەكەكە لە باشوری كوردستان، (یوسرا رەجەب) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بووك، هێرش دەكاتە سەر كچانەی بەشەناوەخۆیەكانی سلێمانی ” بە بەرەلا و بێ شەرەف و لەشفرۆش ناویان دەبات و دەلێت”ئەمشەو كچانی بەشە ناوخۆیی چ بەڕەڵایییەكیان كرد، خۆم بینیم چوونە سەر شەقامی سەرەكی كە دەڕوات بۆ چەقچەق و سەرچنار، هەرچی سەرخۆش و داوێنپیس و لەشفرۆش هەیە رەدیان دەبرد و فیكوهۆڕ و هۆڕن لێدان، تەپڵ و مۆسیقا، لەسەر شەقام لانەچوون”.
پاش ئەوەی كچانی بەشە ناوخۆیییەكانی سلێمانی وەك ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وەرگرتنی پارەی بەشە ناوخۆیی خۆپیشاندانیان ساز كرد. یوسرا رەجەب هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی-گەرمیان بەتوندی پەلاماری كچە خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان دەدات، ناڕەزایەتی لەوە دەربڕیوە كە كچە خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان، هاتوونەتە سەر شەقام و هەڵپەڕیون، لەكاتێكدا چالاكێكی مەدەنی ئەوەی بە بیر هێناوەتەوە كە كچانی گەریلایش لە شاخ هەڵدەپەڕن، بەڵام بەرپرسەكەی تەڤگەری ئازادی بە هەڕەشەوە دەڵێ، “جارێكی تر كچی شەڕڤان لەگەڵ بەڕەڵایەكی سەر شەقام بەراورد نەكەی”، ئەوەش وەك دووپات كردنەوەیەك لەوەی ئەو كچە خوێندكارانەی لە شەقام خۆپیشاندانیان كردووە، “بەڕەڵا”ن.
دەربڕینەكانی هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی، لە ئاستی چالاكانی مەدەنی و بواری ژنان ناڕەزایەتی دروست كردووە، هەریەك لە شاسوار مامە و كەژاڵ نووری وەك چالاكی مەدەنی و بواری ژنان لە ناڕەزایینامەیەكدا بەناونیشانی “كچانی بەشە ناوخۆیییەكان لەشفرۆش و بەرەڵا نین”، وەڵامی ئەو بەرپرسەی تەڤگەریی ئازادیان داوەتەوە.
ئەوان لە نامەكەدا بەرامبەر بە یوسرا رەجەب دەڵێن، “ئەم هەڤاڵە لە بەرامبەر بەشێك لەو كچانەی بەشداری چالاكییەكانی بەشە ناوخۆیییەكان بوون، دەستەواژەی (بەرەڵا، سەرخۆش، داوێنپیس و لەشفرۆش)ی بەكارهێناوە” و دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەو كاردانەوە و دەبڕینە لە “هیچ ژنێكی ئازاد چاوەڕوان ناكرێت”.
پاش فرەوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بە دەربڕین و كاردانەوەكانی یوسرا رەجەب، ناوبراو روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و وێڕای دووپاتكردنەوە لەسەر ئەوەی دەستەواژەی “بەڕەڵاییان” كردەوە لەبەرامبەر كچانی بەشەناوەخۆیەكانی سلێمانی”.