بارزانی بۆ شاندی حزبی شوعیی عێراقی باسی ریفراندۆمی كردووە

خواكوڕك

مەسعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای حزبی شیوعیی عێراق كرد و، لە دیدارەکەدا شاندی باڵای حزبی شیوعیی رایانگەیاند کە ئه‌وان وه‌ك حزبی شیوعی هەمیشە له‌گه‌ڵ ویست و داواكاری گه‌لی كوردستاندان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11/5/2017 مەسعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای حزبی شیوعیی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی رائید فه‌همی سكرتێر و موفید ئەلجەزائیری و بەسام محی و شمێران میركل و عزەت ئەبوتەمەن ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە کرد.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كاوه‌ مه‌حموود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان و ئه‌بو كاروان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و هەروەها هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان له‌هه‌ر سێ ئاستی ناوخۆیی، ئیقلیمی و جیهانییه‌وه‌ كرا. شاندی میوان رێز و پێزانینیان بۆ قاره‌مانیه‌تی و قوربانیدان و خوێنی پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌شیان به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و ره‌وه‌شی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی عێراق خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم، له‌وباره‌وه‌ شاندی میوان، وێڕای ئاماژه‌دان به‌ مێژووی هاوبه‌ش و خه‌باتی پێكه‌وه‌یی نێوان حزبی شیوعی عێراق و گه‌لی كوردستان راشیانگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان وه‌ك حزبی شیوعی هەمیشە له‌گه‌ڵ ویست و داواكاری گه‌لی كوردستاندان.
له‌به‌رانبه‌ردا  سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ مێژووی هاوبه‌ش و پڕ له‌هه‌وراز و نشێوی نێوان گه‌لی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق كرد و پێشێلبوونی شەراكەت و دەستوور كرد و هەروەها تیشكی خستەسەر بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هۆكارەكان پێشێلبوونی شەراكەت لە عێراقدا.

Back to top button