ئەڵمانیا پێشبینی دەكات لە 2020 كوردستان لەرووی ئابووری لە2013 زۆر پێشكەوتوو تر دەبێت

خواكوڕك 

نەسرین خەلیل بەڕێوەبەری نووسینگەی پێوەندییەكانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا لە عێراق رایدەگەێنێت، ساڵی 2016 بایی 800 ملیۆن یۆرۆ كەلوپەلی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق هاوردە كراوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە لە 2020 تەنگژەی دارایی لە كوردستان نامێنێ و دۆخەكە لە پێش هاتنی تەنگژە دارایییەكە باشتریش دەبێتەوە كوردستان بۆ قۆناغێكی بێ وێنە هەنگاو دەنێت”.

هەروەها نەسرین خەلیل دەشلێت دوای ساڵی 2013 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستان، نزیكەی 50 كۆمپانیای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كشانەوە و بۆ ئەڵمانیا گەڕانەوە، چونكە نەیاندەتوانی درێژە بە پڕۆژەكانیان بدەن،هەروەها گوتی، ئۆفیسی نووسینگەی پێوەندییە پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا لە بەسرە دوای هاتنی داعش داخرا، ئێستاش حكوومەتی ئەڵمانیا 130 نووسینگەی پێوەندیی بازرگانی و پیشەسازی لە وڵاتانی جیاجیای دنیا هەیە و لەو ژمارەیە یەكێكیان لە هەولێر و ئەوەی تریشیان لە بەغدایە.

نەسرین خەلیل لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و تەنگژەی دارایی بۆ رۆژنامەی وشە، دەلێـ” ئێستا حكوومەتی كوردستان چاكسازی لە بواری دارایی و ئابووری دەست پێ كردووە و ئێمە بە ڕوونی ئەو گۆڕانكارییانە دەبینین، ئەوان لە ڕابردووی خۆیانەوە فێر بوون و ئێستە بە ڕژدی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە تێچووی خۆیان كەم بكەنەوە، بۆیە ڕەنگە بۆ ساڵی 2020 باری ئابووری و دارایی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و پێش تووشبوون بە تەنگژەی دارایی، پێشبینی دەكەین باشتریش ببێ لەو كاتە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدا ڕۆڵی كەرتی تایبەت فرەوانتر بكات.

Back to top button