سایکۆلۆژیەتی دژە سەربەخۆیی کوردستان..فەرزی لۆژیک و قەڵەمە دژەکان
تەنیا کوردی :
باڵێکی (یەکێتی) و گۆڕان و پاشکۆکانیان و پەکەکە و داتاشراوەکانیان لەگەڵ ئەو ئیسلامیانەی دەمێکە دروستکراوی دەستی ئێرانن، لەکاتی ئێستادا زیاتر دەیانەوێ پشتی ئەو بەرەیە بگرن کە دەمێکە لە ئێران و عێراقەوە بۆ دامەزراندنی بەرەی (یەکێتیی عێراق) ژووری هاوبەشیان هەیە و، ژووری عەمەلیاتی ئەم مەوجە بەرهەمەکانی خستووەتە پەخش و ئەم شەڕە سایکلۆژیەیان کردووەتە ناوەڕۆکی کارکردنیان.
سایکۆلۆژیەتی دژە سەربەخۆیی یەکێک لەو تاکتیکە بەکارهێنراوانەیە کە مەشقدراوە بە بەرەی “مانەوە لەگەڵ عێراق” کە بەرهەمی پاشخانی مەوجێکی شەپۆڵدەری تەشویشە لەلایەن ئیران و شیعەکانی نێو سوڵتە لە عێراق و ئەو سوننیانەیش کە لە عێراقدا باوەڕیان بە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کورد هەیە بۆ هزری تاکی کوردی پەخش دەکەن.
ئەم سایکۆلۆژیەتە لە دوو رێگەوە دەیەوێ تاکی کورد لەسەر ڕشتبوونی بۆ سەربەخۆیی کوردستان سارد بکاتەوە:
یەکەم: لەرێگەی بەرهەمهێنانی فکری دژە سەربەخۆیی و بەکارهێنانی چەند قەڵەمێک کە لەنێو سوڵتەی سیاسی حزبەکانی هەرێمدا بوونیان هەیە و، وشەکانیان وا ریزدەکرێن کە هەمیشە سیناریۆی جۆراوجۆر دەنووسن بۆ ئەوەی تاکی کورد بگەیننە ئەو باوەڕەی کە دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا مەحاڵە و کاتی نییە؛ ئەم قەڵەمانە زیاتر دژی بارزانی و حکوومەت و پارتی و ئەو حزبانەی دی کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستانە، دەنووسن.
دووەم: لەرێگەی بەرهەمهێنانی دژبوون بە کەسایەتی و رەمز و مقاوەماتی دروستکردنی دەوڵەت، کە ئەمەیش لە ئاستی حزبەکانەوە سیاسەتی بۆ دادەڕێژرێ و لەڕێگەی شەڕێکی سایکۆلۆژییەوە بە بەرنامەڕێژی پێشوەختە سیناریۆی بۆ دەکێشرێ و بەرهەمی ئەو دژایەتییە گشتیی بۆ سارکردنەوەی بیری سەربەخۆیە کە پۆزش لەپێناو یەکپارچەیی عێراق دەهێننەوە.
بەشێوەیەکی گشتی سەربەخۆیی کوردستان کارێکی سروشتی لۆژیکە، گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناویندا تینی سەربەخۆیی و ئەم لۆژیکە زیاتر فەرز دەکات و تێگەیشتنی نوێ هەڵناگرێ، چونکە ژانڕێکە تاکی کورد مومارەسەی خۆڕسکانەی بۆ هەیە و، بەرهەمی خەباتێکی قووڵی مەدەنی و سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی نزیک لە سەدەیەکە.
بەرهەمی سایکۆلۆژی سیاسی ئاستی حزبەکان بۆ دژایەتی سەربەخۆیی و ئاستی فەرد وەک قەڵەمی سیاسی و سیناریستەکانی دژ بە سەربەخۆیی، دەستیان کردووە بە دانانی کاریگەری لەنێو هزری تاکەکانی کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی دەستکاری ئەو نەخشە هزرییە بکەن کە (مێژوو و جوگیرافیا و خاک) سەربەخۆیی کردووەتە ئیرادەیەک بۆ تاکی کوردی و کوردستانیان تا هەنگاوی بۆ بنێن.
لەماوەی دابێ لەکاتی جاڕدانی دەوڵەتی کوردیدا، بەرەی دژ بە سەربەخۆیی (مانەوە لەگەڵ عێراق) گشت نمایشێکی سیاسی دەکات بۆ ئەوەی بەر بەو پڕۆژە بگرێ، بەڵام ئەوەی کە ئەم بەرەیە لاواز دەکات حەقیقەتی سەربەخۆیی و فەرزی لۆژیکە کە گەلی کورد زۆرینەی سەربەخۆیی قەبووڵە و لە توانستی هزریدا وجوودییە و لە چالاکی کرداریدا کاردانەوەی خێرایی بۆ دەبێ.