دەتانەوێ نوسەر و رۆشنبیرەکانی وڵات ناپاک بن…!

 
فاتح مەولەوی زادە
 
 
ماوەیەکە هونەرمەند و رۆشنبیر و نوسەرانی وڵاتمان بە هۆی ئەوەی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییان پانتاییەکی گەورەی گرتووە و لێی دەچۆڕێ،بێگومان ئەم مەزنیە لە ئەقڵی بچوکی کەسانێکی ناپاک و ناتێگەیشتوو هەزم ناکرێ و دەیانەوێت هەموو تاکی کۆمەڵگە وەک خۆیان ناپاکانە و وڵاتفرۆشانە بیر بکاتەوە.(یوهان وۆلفگانگ ڤۆن گوتە) ەی ئەڵمانی ئەدیب و نوسەر وتەیەکی جوانی هەیە دەڵێ: ((هەر کەسێک ئەبێ ڕۆژانە گوێبیستی ئاوازێک بێت هۆنراوەیەکی باش بخوێنێتەوە،بە گوێرەی توانا بتوانێ چەند وشەیەکی ژیرانە بدرکێنێت)).
 
پێم وایە کەسانێک خەریکی هێرشی نامرۆڤانە و نا ئاکارانەن کە گوێ لە ئاواز ناگرن و هۆنراوەش ناخوێننەوە،بۆیە ئەبێت ئاسایی وەریبگرین کە وشەی ناژیرانەو بەقەد باڵاو ئەقڵی خۆیان بدرکێنن.بۆیە رابردووی بەڕێزان (مەزهەر خالقی ، عەدنان کەریم) کەسێک ئەبێت لە سەری بدوێ کە ئاواز و هۆنراوە لێک بکاتەوە و وشەی ژیرانە بدرکێنێت.لە لایەکی تریشەوە پەیکەر شکاندنی بەڕێز(شڤان پەروەر) لە سێواس لە شاری روحا پێم وایە ئەوەی لە مانای هونەر وە واتای پەیکەریش نەگەشتبێت بە تەنها ئەوەندەی لە دەست دێت بە چەکوچ بە کوێرانە لە پەیکەر بدات و تێکی بشکێنێت.بێ ئاگایە لەوەی ناخی نەتەوەیی و نیشتمانە لە وجودی ئەم زاتە بەڕێزانە هەیە و سەراپای نیشتمانی داپۆشیوە.جا ئەم جۆرە کەسایەتیانە لە ژیان هەبن یان نا، چینێکن ناویان بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.ناکرێت هەرتاکێکی کۆمەڵگە ناوی لە ناو گردەکە نەبێت،بە ئارەزوی ئەقڵی خۆیان چەند هەرزەیەک رادەسپێرن و دەیانەوێت بە هەموو ئەقڵێکەوە لەتمە لە کەسایەتیەکان بدەن و ناوو ناتۆرەیان لێ بنێن.
 
بێ شک ئەم هەوڵانە وەک ئەوە وایە کە،(دوای کڵاوی با بردوو کەوتبن).کۆمەڵگە بە ئاست هۆشیارانە لە گەڵ ئەم پرسانەدا مامەڵەدەکات و رۆژێک دێت ئەم گەلەچاو کراوە، چۆن وڵامی ئەم نامرۆڤایەتیانە دەدەنەوە.دەگێڕنەوە (چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی کۆنی بەریتانیا لێیان پرسی بۆ نەتانتوانی ئێرلەندای باشوور بگرن؟ گوتی لەبەر ئەوەی نوسەر و رۆشنبیرەکانیان ناپاک نەبون).دیارە کەسانێکی بە ناو کوردیش هەن دەیانەوێت نوسەر و رۆشنبیرەکان ناپاک بن،بۆ ئەوەی وڵات بە ئاسانی بفرۆشن.ئەوەی گرنگە ستایش کردنی رۆڵی کەسانی خاوەن هڵوێست و نیشتمانپەروەرە.
Back to top button